دادگای دەستوریی توركیا بڕیاریدا؛ مافی دەمیرتاش پێشێلكراوەو دەبێت قەرەبوو بكرێتەوە

19-06-2020 12:29

پەرەگراف

دادگای دەستوریی توركیا بڕیاریدا، ھێشتنەوەی ماوە درێژی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان بووە بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی‌و دەبێت قەرەبوو بكرێتەوە.

بڕیارەكەی دادگا ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەكانی توركیا بڵاوكراوەتەوەو تێیدا دادگاكە دەڵێت، مانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە زیندان، "ماوەی مەعقولی تێپەڕاندووە".

دادگاكە بڕیاریداوە بە قەرەبووكردنەوەی ماددی دەمیرتاش، بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی بە هێشتنەوەی لە زیندان بۆ ئەو ماوە زۆرە. هێشتا دیارنییە ئەو بڕیارەی دادگای دەستوریی دەبێتەهۆی ئازادكردنی دەمیرتاش یاخود نا.

دەمیرتاشی تەمەن 47 ساڵ، 4 ساڵە لە زیندانە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كە توركیا بە "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" لە قەڵەمی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای 142 ساڵ زیندانیی بۆ دەكرێت، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە و دۆسیەكەی بە "سیاسیی" لەقەڵەم دەدات.

دەمیرتاش لە سەركردە كوردە دیارو كاریگەرەكانەو سیاسییەكی ناودارە لە توركیاو ناوچەكە، دەستبەسەر كردن‌و هێشتنەوەی لە زیندان فشاری زۆری خستەسەر توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و پارتی دەسەڵاتداری ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند كردەوە، بەڵام گوێیان بە ڕەخنەو فشارەكان نەداو ئازادیان نەكرد.

دوای بەسەربردنی دوو ساڵ لە زیندان، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە 20ی تشرینی دووەمی 2018 بڕیاری ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی دەركردو داوای لە دادگای توركیا كرد ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئازادكردنی، دادگای ئەوروپا پێیوایە، دەستگیركردنەكەی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر هەوڵێك بووە بۆ "كپكردنی دەنگی جیاواز."

هەرچەندە توركیا ئەندامی دادگاكەیە‌و پێویست بوو پابەندی بڕیارەكە بێت، بەڵام ئەو داوایەی دادگا ئەوروپییەكەی ڕەتكردەوەو پابەندی نەبوو.