بەغدا بۆ هەرێم: مووچە نانێرین ئەگەر نەوت ڕادەست نەكەن

19-06-2020 09:13

پەرەگراف

حكومەتی عێراق تەئكید لەوە دەكاتەوە كە هیچ بڕە پارەیەكی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت هەتا نەوتی ڕادەست نەكرێت.

ئەو هەڵوێستە دواین پەیامی بەغدایە لەسەر كێشەكانی نەوت‌و مووچەو بودجە لە نێوان هەرێم‌و عێراق، ئەوەش لەسەر زاری هیشام داوود ڕاوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندرا.

هیشام لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی شەرقییە، باسی لەوە كردووە، وەزیرەكانی كابینەكەی كازمی سەربەخۆن، بەڵام فوئاد حسێن بە "تەوافوقی سیاسی دانراوەو مەرجی هەولێر بووە".

ئەو ڕاوێژكارەی كازمی دەشڵێت، هەولێر وایداناوە هەبوونی فوئاد حسێن لە بەغداد پێشەكییەكە بۆ پردی متمانەی نێوان عێراق‌و هەرێم ئەوەش بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چارەسەری دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.

لەبارەی كێشەی نەوت‌و ناردنی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هیشام داوود دەڵێت "كوردستان هیچ بڕە پاریەكی تری مووچە وەرناگرێت ئەگەر نەوت ڕادەست نەكات".

بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم سەردانی بەغداد بكاتەوە بە ئامانجی گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی نەوت‌و بودجە، حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو مانگانە چاوەڕێی بەغدایە بڕێك لە پارەی مووچەی بۆ ڕەوانە بكات تا بتوانێت مووچە دابەش بكات، كۆتاجار لەگەڵئەوەی بەغداد 388 ملیار دیناری بۆ هەرێم ڕەوانەكرد، بەڵام بەشێكی درایەوە بە قەرزی ناوخۆو تائێستا حكومەت نەیتوانیوە بە بەشەكەی دیكەی ئەو پارەیەی بەغداد مووچە دابەش بكات‌و دەڵێت، داهاتی ناوخۆی كورتهێنانی هەیەو بەشی مووچە ناكات.

ئەو دۆخە حكومەتی هەرێمی خستووەتە ژێر فشارو ڕەخنەی تووندی مووچەخۆران‌و لە پارێزگای سلێمانی مانگرتن‌و بایكۆتی دەوام لەچەندین كەرتی حكومیی ڕاگەیەندراوە لەوانەش؛ تەندروستی‌و پۆلیسی هاتووچۆ.

لە دوو مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم‌و بەغداد چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو لێكنزیكبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەبارەی بودجەو نەوت؛ هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەست بكات، لە بەرامبەر ناردنی مووچەو شایستە داراییەكان، بەڵام بەغداد سەقفی داواكارییەكانی بەرزكردووەتەوەو سەرجەم داهاتەكانی هەرێمی دەوێت.

سەردانەكەی ئەم هەفتەیەی شاندی هەرێم لە كاتێكدایە، بەغداد لیژنەیەكی 11 كەسیی پێكهێناوە بۆ وردبینیكردنی داهاتە نەوتی‌و نا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی نووسراوێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بەغداد داوای ئاشكراكردنی ناو و شوێنی بەرهەم هێنان‌و هەرنادەی نەوت‌و تۆماری دارایی هەریەكێكیان لە هەرێم دەكات.

لەگەڵ ئاشكراكردنی داهاتە نەوتییەكان‌و ئەو بڕەی بەرهەم دێت‌و دەفرۆشرێت، هەروەها ئاشكراكردنی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان‌و شێوازی فرۆشتنی نەوت‌و ئاشكراكردنی هەژمارە بانكییەكان كە داهاتی نەوتی بۆ دەگەڕێتەوەو ناوی ئەو كەسانەی دەتوانن مامەڵەی پێوە بكەن لەگەڵ گرێبەستی ئەو لایەنانەی هەڵدەستن بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

هەروەها بەغداد تۆماری دارایی 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2020‌و وێنەیەك لە گرێبەستی قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات.