وەزارەتی تەندروستی: لەم هەفتەیەدا سێ جار هێرش كراوەتەسەر نەخۆشخانەكان

21-06-2020 03:55
هێرشكردنەسەر نەخۆشخانەی كفری 17-6-2020

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێیەمینجار هێرش كراوەتەسەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان، سەرەڕای هەڕەشە و سووكایەتی كردن بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كە دواترینیان دوێنێ شەو بووە.

وەزارەتەكە داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكات، هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێكی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە.

ڕاگەیاندراوێك لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان

هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە خزمەتكردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەك سەربازی وون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەركردنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی. جگەلەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا، چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆماركراوە.

بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێیەمینجار هێرشكراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان، سەرەڕای هەڕەشە و سووكایەتی كردن بە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.

لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین كە نەخۆشخانەكان و دامەزراوە تەندروستییەكان موڵكی گشتین و شوێنێكی پیرۆزن، چونكە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی چەندین كەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان. بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاكانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەكەین كە هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێكی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە كە بەناحەق دەكرێتە سەر پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان.

لە كۆتاییدا داوا لە هاوڵاتییان دەكەین كە خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو كارێكی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین ئارامی زیاتر و ڕوحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن وە هاوڵاتییان دڵنیادەكەینەوە كە پزیشكان و كارمەندان لە ڕوانگەی هەستكردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان كەئەمەش سەروەتێكی گرنگی نیشتیمانی یە لە هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢١ حوزەیران ٢٠٢٠