نێچیرڤان بارزانی: كاتی ئەوەیە كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە یەكجاریی چارەسەر بكەین

21-06-2020 07:36

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، دوای ئەزموونی تاڵی چەندین ساڵی گرفت و كێشەی نێوان هەردوولا، ئیتر دەبێ لەگەڵ بەغدا نەچنەوە سەر ڕابردوو، بەڵكو كاتی ئەوەیە بگەنە تێگەیشتنێكی هاوبەش و بە ڕێككەوتنێكی گشتگیری جێی ڕەزامەندیی هەردوولا كێشەكان بە یەكجاری چارەسەر بكەن.

ئەو وتانەی نێچیرڤان بارزانی لە میانی كۆبوونەوەكانیدا بووە لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق‌و سەركردە سیاسییەكان، بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی گوتووشیەتی، "هەموومان یەك چارەنووسمان هەیە و كێشەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كێشەی هەموو عێراقییەكانە".

"دەكرێ قەیرانەكان بكرێنە دەرفەت بۆ هاوكاری و پێكەوەكاركردن، بەرەنگاربوونەوەی سەختی و قەیرانەكانی ئێستای وڵاتیش بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەمووانە و بەردەوامیی كێشەكان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نییە، هەموومان پێكەوە بە هاوكاری، دەتوانین بگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر‌ شێوازێكی بەڕێوەبردنی باشتری وڵات تا خزمەت بە هەموو هاووڵاتیان بكرێت" نێچیرڤان بارزانی وای گوتووە.

سەرۆكی هەرێم ئامادەیی كوردستانی پیشانداوە كە تەواوی كێشە و دۆسیە هەڵواسراوەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و بە ڕەچاوكردنی سیستمی فیدراڵی و ماف و ئەركەكان و ئەولەوییەتی باری هەنووكەییی ژیان و بژێوی هاووڵاتیان چارەسەر بكات، ڕۆڵی سەركردە و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراقیشی بۆ پشتگیری لە گفتوگۆ و چارەسەر و گەیشتن بە ڕێككەوتن بە گرنگ و پێویست و ئەركی هەمووان زانیوە.

هەربەپێی هەواڵەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، لای خۆیانەوە سەركردە و لایەنە عێراقییەكان‌ وێڕای پشتگیرییان لە بۆچوونەكانی نێچیرڤان بارزانی، سەردانەكەیان لەم كات و دۆخەدا بە پەیامێكی ئەرێنی و هەنگاوێكی دروستی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا و پەرۆشی و جددیەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە قەڵەم داوە و خۆشحاڵییان بە ئامادەییی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ دەربڕیوە.

نێچیرڤان بارزانی‌و شاندی یاوەری، دوێنێ لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق‌و ئەمڕۆش لەگەڵ عەمار ئەلحەكیم- سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، هادی عامری- سەرۆكی لیستی فەتح، نووری ئەلمالكی- سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساو دەستەی سیاسیی ڕەوتی سەدر كۆبوونەوە.