
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
یەكێتی چاوەڕوانی وەڵامی پارتییە بۆ كۆتا پاكێج كە بۆ ئەو حیزبەی ناردووەو تێیدا ئەو وەزارەتو پشكانەی دیاریی كردووە كە بە بەركەوتەی خۆیی دەزانێت لە كابینەی نوێی حكومەت، لە نوێترین گۆڕانكارییدا یەكێتی "وەزارەتی ناوخۆی ناوێت."
گفتوگۆو گۆڕینەوەی پەیام لە نێوان ئەو دوو حیزبە بە تەلەفۆن بەردەوامەو دواین پەیوەندیی باڵا، ئێوارەی دوێنێ لە نێوان مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ ئەنجامدراوە، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، پەیوەندییەكەی نێوان بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ، "كاریگەریی هەبووەو نزیكن لەوەی بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی."
دوای زیاتر لە 10 كۆبوونەوە هێشتا ڕێككەوتن لە نێوان پارتیو یەكێتی ئەنجام نەدراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، هەرچەندە ڕێككەوتنێكی گشتگیری سیاسییان واژۆ كردووە.
یەكێتی دەیەوێت شەریكی ڕاستەقینەو بەشدار لە بڕیاردان بێت لە سێكتەرەكانی ئابوری، ئەمنییو پەیوەندییەكانی دەرەوە، بۆئەو مەبەستەش پۆستی باڵای ناو ئەو سێكتەرانەی دەوێت.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف، دوای ئەو پۆستە باڵایانەی یەكێتی داوایكردووە لەو پاكێجەی شەوی ڕابردوو بۆ پارتی ناردووە، بریتین لە؛ سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزارەتەكانی؛ پێشمەرگە، تەندروستی، پلاندانان، شەهیدان، ڕۆشنبیریو كشتوكاڵ، لەگەڵ كەسی دووەم لە وەزارەتەكانی داراییو ناوخۆو سامانە سروشتییەكانو پەیوەندییەكانی دەرەوە.
"هێشتا پارتی وەڵامی ئەو داوایانەی نەداوەتەوە، بەڵام پێدەچێت وەڵامەكە ئەرێنیی بێتو بگەنە ڕێككەوتن"، سەرچاوەكە وای وت.
پێشتر یەكێتی سووربوو لەسەر داواكردنی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش بۆپێدانی بە دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ لە بەرامبەر جێگری سەرۆك وەزیران بۆ قوباد تاڵەبانیو بەوجۆرە هاوسەنگیی نێوان باڵەكانی ڕابگرێت، "بەڵام ئێستا ئەو داوایەی نەماوەو وەزارەتی ناوخۆی ناوێت."
"پارتی پلانێكی هەیە كە دەیەوێت هێزەكانی زێرەڤانیو بەرگریو فریاكەوتن لەسەر وەزارەتی ناخۆ نەمێننو ببەسترێنەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە، هەربۆیە یەكێتی وەزارەتی ناوخۆی ناوێت كە تەنها پۆلیسو هاتووچۆی لەژێر دەستدا بێت."
دەربارەی پۆستی دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ لە كابینەی نوێ، ئەو سەرچاوەیە وتی"پێشنيارێك هەیە بكرێتە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕەنگە لەسەر ئەوە یەكلایی ببنەوە."
تائێستا تەنها لە نێوان پارتیو گۆڕان ڕێككەوتن كراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێو دابەشكردنی پۆستەكان، ئەو دوو حیزبە پێكەوە لە پەرلەمان هەنگاوی هاوبەشیان دەستپێكردووەو لەسەر ئەو بنەمایە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كرا.
ئەو پڕۆژە یاسایە لەكاتێكدایە تائێستا فراكسیۆنی یەكێتی بڕیاری لە حیزبەكەی وەرنەگرتووە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان.
بەپێی پڕۆژە یاساكە، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوەو سەرۆك لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، تائێرە پارتیو گۆڕان هاوڕاو كۆكن، بەڵام لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنو هەمان دەسەڵاتەكانی پێشوویان دەبێت، گۆڕانكاریی لە دەسەڵاتەكان هێڵراوەتەوە بۆ كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان.
فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ، كۆمەڵو یەكگرتوو ناڕازین لە ڕێوشوێنە پەرلەمانییەكان بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، هاوكات هاوبەشیی گۆڕان لەگەڵ پارتی بۆ كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە گۆڕانی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوە.
لای گۆڕان پرسەكە دیوێكی دیكەی هەیە، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا ناكۆكی خستبووە ناو لایەنە سیاسییەكان، هەندێكیان لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بوون لەلایەن خەڵكەوە وەك پارتی، هەندێكی دیكەیان وەك گۆڕانو كۆمەڵو یەكێتیو یەكگرتوو پێداگرییان دەكرد سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئێستا كە لەم پڕۆژە نوێیەدا ئەوە جێگیر كراوە، گۆڕان بە دەستكەوتی لە قەڵەم دەدات.
هاوكات عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، یەكێتی كێشەی پۆستی هەیە نەك پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتی، لە پارتییەوە ئەوەیان پێگەیشتووە كە یەكێتی داوا دەكات جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێتو بدرێت بەوان، وتی"ئەگەر پێی بدرێت دێت، كەواتە: كێشەی پۆستی هەیە نەك یاسا."
پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵاوە زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم، ڕەتیدەكاتەوە جێگرێكی دیكە بۆخۆی زیاد بكات، "هەر سەرەتاش ڕای وابوو پرسی جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم نەخرێتە گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام ئەوە بۆ گۆڕان یەكلایی بووەوە."