وتەبێژی یەكێتی لەبارەی پۆستەكانی پارێزگاری كەركووك و بەغداوە بۆ پەرەگراف دەدوێت

17-05-2019 08:09
لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی

پەرەگراف - سەنگەر سالار

یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی پارێزگاری كەركووك و بەغدا، لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بە ناڕوونی ماوەتەوە، تا ئێستا نازانرێت چ ڕێككەوتنێك لەوبارەیەوە لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا هەیە. وتەبێژی یەكێتیش جەخت لە چارەسەركردنی پرسی كەركووك و بەغدا لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی، لەبارەی یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانەوە، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "لە پاش كۆبوونەوەی ڕۆژی 14/5/2019ی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان بۆچوونی یەكێتیم لەو بارەیەوە بە ڕوونی خستەڕوو".

پەرەگراف پرسیاری ئەوەی ئاراستەی وتەبێژی یەكێتی كرد كە ئایا بارزانی سەبارەت بە پۆستەكانی پارێزگاری كەركووك و بەغدا چیی بە یەكێتی وتووە؟ بەڵام وتەبێژی یەكێتی ئامادە نەبوو هیچ شتێك لەوبارەیەوە بڵێت و دووپاتی كردەوە كە "لە پاش كۆبوونەوەكەی 14ی ئایار هەموو شتێكم وتووە".

ڕۆژی 14ی ئایار، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ تاووتوێكردنی سیڤیی كاندیدەكانی حیزبەكە بۆ پۆستەكانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كۆبووەوە. پاش كۆبوونەوەكە لەتیف شێخ عومەر لەگەڵ دووپاتكردنەوەی پابەندیی حیزبەكەی بە ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ پارتی، بە میدیاكانیشی ڕایگەیاند "یەكێتی چاوەڕوانە لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، پرسی كەركووك و بەغدا چارەسەر بكرێن، وەك ئەوەی لە ڕێكەوتنی نێوان بەڕێزان كاك كۆسرەت ڕەوسووڵ و كاك مەسعوود بارزانیدا هاتووە".

ئەو لێدوانەی وتەبێژی یەكێتی، سووربوونی ئەو حیزبەیە لەسەر چارەسەركردنی كێشەی پارێزگاری كەركووك و بەغدا هاوشانی پێكهێنانی حكومەت. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەیش ئایا یەكێتی پێش یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانی بەغدا، ئامادەیە بچێتە حكومەتەوە؟ وتەبێژی یەكێتی بۆ پەرەرگراف جەختی لەوە كردەوە، یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانی بەغدا لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بۆچوونی تەواوی یەكێتییە و هیچ شتێكی دیكەیان لەوبارەیەوە نییە.

لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، یەكێتی ڕایگەیاند، بە یەك پاكێج گفتوگۆ لەسەر هەرسێ‌ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانی بەغدا دەكات، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتكردەوە و پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی بە پاكێجێكی سەربەخۆ ناوبرد. پارتی بۆچوونی وابوو كە پۆستی پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانی بەغدا پاش پێكهێنانی حكومەت یەكلایی بكرێنەوە. ئەم ڕاجیاییە وای كرد بۆ ماوەیەك گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ڕابگیرێن.

پاش سەردانێكی كۆسرەت ڕەسووڵ بۆ لای مەسعوود بارزانی، كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەستی پێ كردەوە و هەردوولا ڕایانگەیاند لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانی بەغدا بدرێتە دەست مەسعوود بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ، بەڵام تا ئێستا هیچ كام لەو دوو لایەنە ڕێككەوتنێكی ئاشكرایان لەوباریەوە نییە و بە فەرمی زانیارییان لەبارەی میكانیزمی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە نەخستووەتە ڕوو.

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ناوەرۆكی ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركووك و پۆستەكانی بەغداوە، پەیوەندیی بە چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی و یەكێتییەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.