بەشێك لە یەكێتی "زانیاریی ناڕاست" لەبارەی بڕیارەكانی كەمكردنەوەی مووچە بڵاودەكەنەوە

22-06-2020 12:41
كۆبوونەوەكەی حكومەت بە ڤیدیۆ كۆنفرانس ئەنجام درا

پەرەگراف

بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی كەمكردنەوەی مووچە یەكێتی دەكات بە دوو بەشەوە، بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی زانیاریی ئەوە بڵاودەكەنەوە كە گوایە تیمی حیزبەكەیان لە حكومەت "دژی كەمكردنەوەی مووچە بووە"، بەڵام پەرەگراف لە چوار سەرچاوەی باڵاوە كە سیانیان بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە ئەو زانیارییانە ڕاست نین‌و "تەنانەت بڕیارەكان تیمی یەكێتی نووسیویانە".

بڕیاری دەستكاریكردن‌و كەمكردنەوەی مووچە ناڕەزایی فراوانی خەڵك‌و مووچە خۆرانی بەدواداهات‌و ناڕەزاییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕەنگیدایەوە، هەربۆیە حیزبەكان دەیانەوێت بە كەمترین زیان‌و ڕەخنەی خەڵكە لێی دەرباز ببن، یەكێتی وەك حیزب بە فەرمیی لە زاری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییەوە ناڕەزایی لەبەرامبەر بڕیارەكان پیشانداو دەڵێت "ڕەتی دەكەینەوە".

لە دوای بڕیارەكانی حكومەت، نامەیەك وەك ئاگادار كردنەوە بۆ چەندین بەرپرسی یەكێتی نێردراوەو لە پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سەربەو حیزبە ناوەڕۆكەكەی بڵاو كراوەتەوە، نامەكە وێنەیەكی لە دوو سەرچاوەوە بۆ پەرەگراف نێردرا، بەڵام پەرەگراف ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە زانیارییەكانی ناو نامەكە ڕاست نین.

نامەكە وەك ئاگادار كردنەوەی "هەڤاڵانی یەكێتی" نووسراوەو تێیدا هاتووە "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كاك قوبادو تیمەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران بەرگری زۆریان كردوە لە موچەخۆران‌و ڕازی نەبوون بە كەمكردنەوی مووچە، بەڵام سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دارایی پێداگرییان كردووە".

لە درێژەی ئەو نامەیەی یەكێتیدا هاتووە "بە داكۆكی زۆر كەمكردنەوەكە لە %34 كراوە بە %21 تەنها بۆ یەك مانگ، هێشتا هەر ڕازی نەبوون‌و بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەكە تێپەڕێندراوە".

چوار سەرچاوە كە سیانیان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمن‌و بەشداربووی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بوون‌و سەرچاوەی چوارەمیش لە دەرەوەی حكومەتەو ئاگاداری وردەكارییەكانە، بۆ پەرەگراف قسەیان كردو زانیارییەكانی ئەو نامەیەی یەكێتییان ڕەتكردەوە.

یەكێك لە سەرچاوەكانی ئەنجومەنی وەزیران وتی "درۆیەكی زۆر گەورەیە.. بڕیارەكان تیمی یەكێتی نووسییان د.ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و كاك قوباد".

سەرچاوەیەكی دیكەش وتی "قوباد تاڵەبانی وتویەتی با 45 بۆ 60 ڕۆژ جارێك مووچە بدرێت‌و پاشەكەوت نەبێ".

یەكێتی وەك حیزب هەرزوو كاردانەوەی پیشانداو لە میدیای فەرمییەوە ڕایگەیاند كە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان ڕازی نییە بەو بڕیارانە، دواتر د.میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند "ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان لە حكومەت نەدەكرد كە ئەمڕۆ ئەو بڕیارە خراپە بدات بە كەمكردنەوەی موزچە"، وتیشی "لە بەیاننامەی چەند ڕۆژی پێشوترمان بە ڕوونی داوامان كردبوو بەپەلە دەستبكرێت بە دابەشكردنی مووچە و لە وەزارەتەكانی تەندروستی و پێشمەرگە و ناوخۆوە دەستپێبكات نەوەك كەم بكرێتەوە، وەكو یەكێتی دژی كەمكردنەوەی مووچەین و بە تەواوی ڕەتیدەكەینەوە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت "لە كۆبوونەوەی ئاییندەماندا بەمنزیكانە تاوتوێی ئەم بابەتە دەكەین و بژاردەكان هەڵدەسەنگێنین و وەك یەكێتی هەنگاوی پێویست دژی كەمكردنەوەی دەگرینەبەر، ڕەنگە لە دوای ئەوكۆبوونەوەیە تیمی خۆمان لە حكومەت ئاگادار بكەینەوە بۆ هەنگاوی دواتر و ڕێگری لە كەمكردنەوەكە".

پەرەگراف پەیوەندیی بە چەند بەرپرسێكی یەكێتییەوە كرد، ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەم پرسە بكەن، تەنها یەكێكیان لەبارەی ناڕەزاییەكانی ناو حیزبەكەی وتی "ئەوە هەڵوێستی بەشێكە لە یەكێتی‌و جۆرێكە لە فشارخستنەسەر كاك قوبادو تیمی حكومەت، ئەگەرنا بڕیاری حكومەت هی هەموو حیزبە بەشداربووەكانە".

دەقی بڕیارەكانی دوێنێی حكومەت

یەكەم:

أ: تەمویلكردنی ڕێژەی 79% ( لە سەدا حەفتا و نۆی) خەرجییەكانی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.

ب: ڕاگرتنـی تەمویلكردنی ئەو ڕێژەی 21% ( لە سەدا بیست و یەكەی) دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم مووچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە ڕەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی مووچەخۆر.

ج: ​خەرجكردنی تەواوی 100%( لە سەدا سەدی) شایستەی دارایی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو مووچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان (300) سێسەد هەزار دینار و خوارتره.

د​: خەرجكردنی تەنیا ڕێژەی 50% (لە سەدا پەنجای) شایستەی دارایی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان  لە (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی مووچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان و  ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە و سەرجەم دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و گشت ئەو كەسانەی بەپێـی خشتەی كارپێكراوی مووچە، مووچە و دەرماڵەی هەردوو پلە باڵای (أ) و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ).

هـ: بڕگەی سەرەوە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بەو پلە و وەزیفانە خانەنشین كراون  یا لە دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە شایستەی مووچەی خانەنشینی دەبن بەو وەزیفە و پلانە. 

دووەم:

أ : پێویستە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێنمایی دارایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات.

ب : میکانیزمی هاتوو لەم بڕیارە، ڕێکارێکی کاتییە و تەنیا بۆ مووچەی ئەمجارەیە کە دابەش دەکرێت .

ج : گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی وەزارەتی تەندروستی لە كاتی دابەشكردنی مووچە.

سێیەم:

ڕاسپاردنی لیـژنەی باڵای دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ئەنجام بە ئاڕاستەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

چوارەم:

ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنـی ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 كە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2020دا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.