لاهور شێخ جەنگی: هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمان و حكومەت یەكێك دەبێت لە بژاردەكانمان

23-06-2020 11:56

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، جیاواز لە هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی هەڵوێستی دیكەی ڕاگەیاند‌و لە تویتێكدا دەڵێت، ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوەو ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەگاتە ڕێككەوتن، شەفافییەتی نەبێت لە خەرجی و داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری مووچە بڕین.

"هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمان و حكومەت و، هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێ لە بژاردەكانمان" لاهور شێخ جەنگی وادەڵێت.

دوای ئەم هەڵوێستەی لاهور شێخ جەنگی، ئەو ڕاگەیەندراوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە میدیاكانی ئەو حیزبەو پەیجەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سڕایەوە كە شەوی ڕابردوو وەك هەڵوێست لەبارەی بڕیارەكەی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی مووچە بڵاویان كردەوە.

ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە پێچەوانەی لێدوانەكانی سەرەتایان، ھەڵوێستی دژایەتیی و ڕەتكردنەوەی بڕیارەكەی حكومەت نەبوو، پشتیوانیی بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت ڕاگەیاند بۆ بەشدارییان لە بڕیارەكەی حكومەت.

دەقی راگەیندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە رۆژی ٢٢-٦-٢٠٢٠ كە لە میدیاكانی یەكێتی سڕایەوە

لەبەر رۆشنایی بڕیاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە كەمكردنەوەی تەمویلی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان بە بڕی ٢١ لەسەد و بە تەمویلكردنی لە ٧٩لەسەدی كۆی مووچە تەنھا بۆ ( یەك مانگ) كۆبوونەوەی نائاسایی مەكتەبی سیاسیی رایگەیاند:

وێڕای پشتیوانی خۆی بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەتی ھەرێم بە بەرێز جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرە بەرێزەكانەوە بۆ بەشداریكردنیان لەم بڕیارە لەگەڵ سەرجەم پێكھاتەكانی ناو حكومەتی ھەرێم رایدەگەیەنین كە:

لەگەڵ ئەوەی یەكێتی نوێنەری رەنجدەرانی بیروبازووی جەماوەری كوردستانە و لەم سۆنگەیەوە وەك پرەنسیبی بنەڕەتی لەگەڵ كەمكردنەوەی قووتی ھاونیشتمانیان و مووچەخۆرانی كوردستان نییە كە شایستەی خزمەتكردنی زۆر و زیاترن، بەڵام بەھۆی باری نائاسایی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دابەزینی نرخی نەوت كە شادەماری ئابووری ھەرێم و عێراقە و بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا كە سەرجەم دامودەزگا و جومگەكانی ھەرێم و ناوچەكەی پەكخستووە، دەزانین كە حكومەتی ھەرێم بەناچاری ئەم بڕیارە قورسەی داوە.

مەكتەبی سیاسیی داوا دەكات لە شاندی حكومەتی ھەرێم كە بەنیازن بەزوترین كات بەرەو بەغدا بەرێبكەون بەمەبەستی تەواوكردنی دانوستاندنەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕال، ھەرچی زۆرتر و زیاترە پێداگری لەسەر مافە رەواو دەستوری و یاساییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات. ھەروەھا داوا لە حكومەتی ھەرێم دەكات بەسەرجەم پێكھاتەكانییەوە ھەنگاوی جددی و بەرجەستە بنێن بۆ چاكسازیی لەھەموو جومگەكانی داھات و خەرجییەكانی ھەرێمدا و لەم قۆناغە چاكسازی تەنھا موچەی موچەخۆران نەگرێتەوە، بەڵكو سەرجەم دامودەزگای ئابووری و وەبەرھێنان و كۆمپانیا نەوتییەكان و داھاتەكانی ھەموو لایەن و پێكھاتەكان بگرێتەوە و دەستەبەری شەفافیەت لەسەرجەم داھات و خەرجییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان بكات.

ھەروەھا مەكتەبی سیاسیی داوا دەكات بۆ داھاتوو ودوای ئەم مانگە، سەبارەت بە چارەنووسی موچە و شایستە داراییەكانی موچەخۆران و كارمەندانی كوردستان پێویستە لەبەردەم پەرلەمان و لەسەرپێشنیاری حكومەت بكرێت و دوا بڕیار بۆ پەرلەمانی كوردستان بێت كە باڵاترین دەزگای یاسادانان و چاودێری حكومەتە.