مەسروور بارزانی: گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی بۆ چارەسەری كێشەی بودجە و مووچە

09-06-2024 02:01

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغداد گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی بۆ چارەسەری كێشەی بودجە و مووچە. هەندێك "كەس و لایەن"یش تۆمەتبار دەكات بە "پیلانگێڕی" بۆ ناردنی بودجەی ڕاستەوخۆی پارێزگاكانی هەرێم لەپێناو "مەرامی خۆیان".

مەسروور بارزانی ئەمڕۆ لە وتارێكدا لە كاتی كردنەوەی سەنتەری ئیگڵ پۆست وتی "هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی كوردستان بەوە لاواز بكەن كە داوای ئەوە بكەن مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێت".

مەسرووربارزانی سوپاسی مووچەخۆرانی كرد كە وەكوو خۆی دەڵێت "پشوودرێژ و خۆڕاگر بوون بەرانبەر ئەو پیلانە و خۆڕاگریی ئێوە وای كرد ئەم پیلانە سەر نەگرێت".

"ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی بۆ ئەوەی بایەتی مووچە و بودجە بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت"، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وای وت.

سەبارەت بە مووچەیش، سەرۆكی حكومەت وتی "هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكی پێش جەژندا تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و مانگی پێنجی فەرمانبەران دابین بكرێت".