پەنجا هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی پێنج لەڕێی هەژماری من وەردەگرن

11-06-2024 01:52
ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە پڕۆژەی هەژماری من

پەرەگراف

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، پڕۆژەی "هەژماری من" لە فراوانبوون بەردەوامەو بۆ مانگی ئایار، 50 هەزار مووچەخۆر لە شاری هەولێر، لە ڕێگەی پرۆژەكەوە مووچە وەردەگرن.

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی لە جێبەجێکردندایەو کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ مووچەخۆران تاوەکو مانگانە بە ئەلیکترۆنی و لە ڕێی کارتی بانکییەوە مووچە وەربگرن، تا ئێستا ٤٠٠ هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون و پلانی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران کە نزیکەی یەک ملیۆنن لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکرێن.

٨ بانک بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون، یەکێک لەوانە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی(تی بی ئای)یە کە سەربە حکومەتی فیدراڵییەو تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم چوارلیستی مووچەخۆرانی بۆ ئەو بانکە ناردووە بە مەبەستی کردنەوەی هەژماری بانکی لەڕێی پڕۆژەی هەژماری من، تی بی ئای پڕۆژەی هەژماری منی پەسەند کردووەو یەکەم کۆمەڵە کارتی بانکیی مووچەخۆرانی ڕادەستی تیمەکانی هەژماری من کردووەتەوە.

حکومەتی هەرێم لە هەولێرو سلێمانی دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە(ATM)ی سەربە پڕۆژەی هەژماری من-ی داناوە تا مووچەخۆران مووچەکانیان ڕابکێشن، ئامانجی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەو  ژمارەیە بگەیەنێت بە نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان.