پێنج حيزبی كلدان، سریان و ئاشووری بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن؛ سێ مەرجیان بۆ بەشداری هەیە
پەرەگراف
پێنج حيزبی سەرەكی لە پێكهاتەی كلدان، سریان و ئاشووری بڕیاریان داوە بایكۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن. ئەوان سێ مەرجیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن هەیە.
هەریەك لە (بزاڤی دیموكراتی ئاشووری، مەجلیسی شەعبی كلدانی سریانی ئاشووری، حیزبی بەیت نەهرەینی دیموكراتی، حیزبی ئیتیحادی بەیت نەهرەینی نیشتمانی و حزبی وەتەنی نیشتمانی)، ئەو حیزبانەی پێكهاتەی مەسیحیی كلدان، سریانی و ئاشوورین كە بڕیاری بایكۆتیان داوە.
فەرید یەعقوب، ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمان لە پێكهاتەی كلدانی، سریانی و ئاشووری، مەرجەكانی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن بۆ پەرەگراف دەخاتە ڕوو و دەڵێت "بە مەرجی گەڕاندنەوەی پێنج كورسییەكە بۆ پێكهاتەی نەتەوەیی كلیدان، سریانی و ئاشووری، هەڵبژاردن بۆ پێكهاتەكان بە یەك بازنە بێت، تۆماری دەنگدەرانی تایبەت و سندووقی تایبەتی دەنگدان بۆ پێكهاتەكان دابنرێت".
فەرید یەعقوب كە كادیری حیزبی بەیت نەهرەینی دیموكراتییە، هۆكاری سەرەكیی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتاكان بۆ "ململانێی نێو پەرلەمان" دەگەڕێنێتەوە، بە تایبەت كە پارتی لە لایەك و یەكێتی و حیزبەكانی دیكە لە لایەك بۆچوونی جیاوازیان لەسەر كورسیی پێكهاتەكان هەبوو.
فەرید یەعقوب ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو پێنج كورسییەی ساڵی 1992 لە یاسای هەڵبژاردندا بۆ پێكهاتەی كلدانی، سریانی و ئاشووری دانراوە، لەسەر "بنەمای نەتەوەیی بووە، نەك ئایینی"، بۆیە جەخت دەكاتەوە كە "ئێمە دەمانەوێت ئەو كورسییانەمان بۆ بگەڕێتەوە".