چەند بڕیارێكی نوێ لە پارێزگاری سلێمانییەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا

24-06-2020 04:23

پەرەگراف

پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی ڕاگەیاند بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە سبەینێوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەر (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا ڕادەگیرێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەكان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بكەن.

بڕیارە نوێیەكان

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن

ئەمڕۆ (٢٤/ ٦/ ٢٠٢٠)، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دوای ڕاوێژو ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ بەڕێز وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تایبەت بە ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بڕیاریدا بە:

١-جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردن و بەدواداچوونی تەواوی ئەو بڕیارانەی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی (٢٠/ ٦/ ٢٠٢٠)ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا دراون و بە نووسراوی ژمارە (١٢٥) لە (٢٠/ ٦/ ٢٠٢٠)ی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەتدا، گشتاندنیان بۆ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەكان پێ كراوە.

٢-لە ڕۆژی (٢٥/ ٦/ ٢٠٢٠)وە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا ڕادەگیرێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەكان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بكەن.

٣-دابەشكردنی موچە لە ڕۆژانی ئایندەدا دەستپێدەكات و لەكاتی پێویستدا فەرمانگاو خەزێنەو بانكەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەكەن بەپێی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییەكان و، فەرمانگەكان بەپێی لیستی موچە بەهەمان ڕێكارو ڕێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەكرێت موچە دابەش دەكەن.

٤-پێویستە هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی هەمان ئەو بڕیارو ڕێكارو ڕێنماییانە جێبەجێ بكەن، كە لەم نوسراوەو نوسراوی ژمارە (١٢٥)ی ڕۆژی (٢٠/ ٦/ ٢٠٢٠)ی پارێزگای سلێمانیدا دیاریكراون و بەپێی تایبەتمەندیی سنورە كارگێڕییەكانیشیان دەسەڵاتی تەواویان هەیە ڕێكاری تر بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بگرنەبەر.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٤/ ٦/ ٢٠٢٠