سەردانێك بۆ لای شاسوار عەبدولواحید ئەنجام درا

18-05-2019 05:40

پەرەگراف - سەنگەر سالار

پاش دوو ڕۆژ لە دەستگیركردنی، ڕێگە بە كەسوكارەكەی و سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ درا، شاسوار عەبدولواحید ببینن. بەرپرسێكی نەوەی نوێ‌ لەبارەی سەردانەكەوە بۆ پەرەگراف دەدوێت.

هیمداد شاهین، بەرپرسی ئۆفیسی دیسكی عێراق لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌، ئەنجامدانی سەردانەكەی بۆ لای سەرۆكی جووڵانەوەكە بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە و وتی "سەردانەكەی لای كاك شاسوار بۆ هەریەك لە د. كازم فارووق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان، سروە عەبدولواحیدی خوشكی و شۆخان حسێنی هاوسەری ڕێكخرابوو".

بە قسەی هیمداد شاهین "سەردانەكە كەمتر لە نیو كاتژمێری خایاندووە".

لەبارەی شوێن و بارودۆخی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێوە، هیمداد شاهین وتی "كاك شاسوار لە ئاسایشی گشتیی سلێمانییە و بارودۆخی خراپ نییە".

لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا تا ئێستا ڕێگە بە پارێزەرەكەی دراوە شاسوار عەبدولواحید ببینێت؟ وتی "نەخێر، تا ئێستا ڕێگە بەوە نەدراوە".

بەرپرسی ئۆفیسی دیسكی عێراق لە جووڵانەوەكە ی نەوەی نوێ‌ باسی لەوە كرد، چاوەڕوانن كەیسی شاسوار عەبدولواحید بۆ لای پۆلیس بگوازرێتەوە و بە كەفالەت ئازاد بكرێت.

"تا ئێستا بە شێوەیەكی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسە نەكراوە، ئێمە هیوادارین لەمەودوا یاسا كاری خۆی بكات"، هیمداد شاهین بۆ پەرەگراف وای وت.

بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر سەردانەكە، پەرەگراف پەیوەندیی بە د. كازم فارووق سەرۆكی فراكسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و سروە عەبدولواحیدەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.

ڕۆژی 15/5 دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی، فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێی دەركرد. ڕۆژی 16ی مانگیش شاسوار عەبدولواحید خۆی ڕادەستی دادگا كرد و لەبەردەم دادوەردا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە كە ڕووبەڕووی كراونەتەوە.