
پەرەگراف
كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم ئەمڕۆش لە بەغداد درێژەیان دەبێت، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە شاندەكەی وتووە، بەرلەوەی لەگەڵ بەغداد ڕێككەون لە هەرێم لەناوخۆدا ڕێككەوتن بكەنو "بێنەوبەرە بە دۆسیەی نەوتەوە مەكەن".
شاندەكەی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی سێ ڕۆژە لە بەغدان، دوێنێ لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوونەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو كۆبوونەوەیە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، سەرۆك كۆمار بە شاندەكەی هەرێمی گوتووە، چارەسەری كاتیی ئەم پرسە سوودی نییە، "ئێوە پێش ئەوەی لەگەڵ بەغداد ڕێككەوتن بكەن باشترە لەنێوان لایەنەكان ڕێككەوتن هەبێت، ناكرێت یەكتری تۆمەتبار بكەن بە گەندەڵی و هەمووانیش یەك كار بكەن".
"پرسی نەوت دەبێت یەكلابكرێتەوە بە جۆرێك كە زەمانەتی بژێوی مووچەخۆرانی هەرێم و خەڵكی كوردستانی پێبكرێت، ناكرێت وەك تاكتیك ئەم پرسە بێنەوبەرەی پێبكرێت، بۆیە باشترە پێش هەرلایەك لایەنەكانی ناو حكومەت خۆیان بەرچاویان ڕوون بێت چییان دەوێت و بەنیازن چی بكەن" بەرهەم ساڵح وای بە شاندەكەی هەرێم گوتووە.
لە ڕاگەیەندراوێكی شاندەكەدا كە شەوی ڕابردوو بڵاویكردەوە دەڵێت، كۆبوونەوەكانیان بەردەوام دەبن، بەئامانجی گەیشتن بە لێكگەیشتنی گشتگیر بۆ كێشەكان و بڕیارە لە ڕووی هونەرییەوە فراوانتر و چڕتر بكرێنەوە، ئەمڕۆش جارێكی دیكە لەگەڵ شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی كۆدەبنەوە.
سەرەكیترین كێشە كە ڕیشەیەكی قووڵی هەیە، نەوتو بودجەو مووچەیە لە نێوان هەرێمو بەغدا، حكومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی كە هیچ بڕە پارەیەكی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت هەتا نەوتی ڕادەست نەكرێت، ئەوەش كوردستان ڕوبەڕوی دۆخێكی سەختتر لە ئێستا دەكاتەوە كە مانگانە چاوەڕوانی دەستی بەغدایە بۆ ناردنی پارەو هێشتاش توانای پێدانی مووچەی نییە.
پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە ئاگاداری وردەكاریی دۆسیەكانە، بۆ پەرەگراف باسیلەوە كرد، هەرێمی كوردستان ناتوانێت خواستی بەغدا بەدیبهێنێت لە ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت. هەربۆیە گفتوگۆكانی هەرێم بە ئاڕاستەی پێدانی داهاتی نەوتە بە بەغدا نەك تەواوی دۆسیەی نەوت.
لە دوو مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمو بەغداد چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو لێكنزیكبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن؛ ئەو دۆخە داراییە سەختەی حكومەتی هەرێمی تێكەوتووە ناچاری كردووە كە چەند جارێك ئەوە ڕابگەیەنێت ئامادەیە نەوت ڕادەستی بەغداد بكات لە بەرامبەر ناردنی تەواوی مووچە، بەڵام ڕوونی نەكردووەتەوە مەبەستی لە ڕادەستكردنی نەوت چییەو لەو حاڵەتەدا ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێمو كۆمپانیا نەوتییەكانو وڵاتان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟.
كێشەی نەوت لە نێوان هەردوولا ئاڵاوە بە پرسی كۆی داهاتو خەرجییەوەو بەغداو هەولێر یەكتریی تۆمەتبار دەكەن بە قەرزاربوونێكی چەند ملیار دۆلاریی، بەغدا لیژنەی پێكهێناوە بۆ وردبینیكردنی داهاتە نەوتیو نا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی نووسراوێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بەغداد داوای ئاشكراكردنی ناو و شوێنی بەرهەم هێنانو هەرنادەی نەوتو تۆماری دارایی هەریەكێكیان لە هەرێم دەكات.
لەگەڵ ئاشكراكردنی داهاتە نەوتییەكانو ئەو بڕەی بەرهەم دێتو دەفرۆشرێت، هەروەها ئاشكراكردنی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكانو شێوازی فرۆشتنی نەوتو ئاشكراكردنی هەژمارە بانكییەكان كە داهاتی نەوتی بۆ دەگەڕێتەوەو ناوی ئەو كەسانەی دەتوانن مامەڵەی پێوە بكەن لەگەڵ گرێبەستی ئەو لایەنانەی هەڵدەستن بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
هەروەها بەغداد داوای تۆماری دارایی 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2020و وێنەیەك لە گرێبەستی قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات.