9 تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لە دەستدا

25-06-2020 11:31

پەرەگراف

بەیانيی ئەمڕۆ، 9 تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی گیان لەدەستدان لەو پارێزگایە گەیشتە 120 كەس.

عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ 9 تووشبووی دیكە لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، خەڵكی ناو سلێمانی، سەیدسادق، پێنجوێن‌و سەنگاو بوون".

لەبارەی تەمەنی ئەو 9 تووشبووە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەوەی خستە ڕوو، لە 60 بۆ 80 ساڵن، وتیشی "لە ئێستادا ڕێژەیەكی بەرچاوی تووشبووان لە سلێمانی تەندروستییان ناجێگیرە".

بەو 9 حاڵەتەی ئەمڕۆوە، ژمارەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 142 حاڵەت، 120یان لە سلێمانی، 20 لە هەولێرو 2 حاڵەت لە هەڵەبجە بوون، پارێزگای دهۆك هیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنای نییە.

سلێمانی لەسەرئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەگەڵ بەرزیی ڕێژەی مردن، هاوكات زیاتر لە نیوەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم لەو پارێزگایەن، لە كۆی 4 هەزارو 679 تووشبوو، 3 هەزارو 341یان لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كراون.