پەرلەمانتارێکی یەکێتی داوا لە سوودانی دەکات ڕاکان جبوری دووربخرێتەوەو خانەنشین بکرێت

09-07-2024 07:08

 پەرەگراف

دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەکێتی لە نووسراوێکدا بۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سێ پەرلەمانتاری دیکەش واژۆیان کردووە، داوا لە سوودانی دەکات ڕاکان جبوری لە پۆستەکەی دووربخرێتەوەو خانەنشین بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە نووسراوەکەیدا بە پشت بەستن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و تەمەنی خانەنشینی، جەختی لەوە کردووەتەوە مانەوەی ڕاکان جبوری لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت "نایاساییە".

دیلان غەفور بە پەرەگرافی وت "پێویستە ڕاکان جبوری دووربخرێتەوەو خانەنشین بکرێت، تەمەنی یاسایی تەواو کردووە، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون لەسەر ئەم دۆسیەیە".

ڕاکان جبوری لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ساڵی 2005 وەک جێگری پارێزگاری کەرکوک دەنگی پێدرا، دواتر بەهۆی دروستبوونی بۆشایی لە پۆستی پارێزگار بوو بە پارێزگار بە وەکالەت.

ئەنجومەنی ئێستا پارێزگای کەرکوک کە 7 مانگە هەڵبژێردراوە، پێویستە لە یەکەم دانیشتنیدا پارێزگار هەڵبژێرێت، بەڵام هێشتا کۆنەبووەتەوە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر پۆستی پارێزگار.

بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستەکە دەباتەوە کە پێویستی بە ٩ دەنگە لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا.

یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیەو لەگەڵ ٢ کورسی پارتی کورد بووەتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە، بەڵام لەگەڵئەوەی یەکدەنگ نین، پێکەوەش هێشتا نیوە+١یان نییەو پێویستیان بە دوو دەنگی دیکە هەیە بۆ بردنەوەی پارێزگار.

پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 6 کورسین خۆیان یەکخستووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکداو ئەوانیش چاویان لە بردنەوەی پۆستی پارێزگارە، دوو کورسییەکەی تورکمان و یەک کورسییەکەی کۆتای مەسیحییەکان یەکلاکەرەوەن و بچنە پاڵ هەر کام لە کورد و عەرەب دەبنە زۆرینەی ئەنجومەنەکەو پۆستی پارێزگار دەبەنەوە.