پەرەگراف - دهۆك
ڕۆكێتێك لە دەوروبەری خاڵێكی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدی كەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك بریندار بووە كە "ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە". ڕووداوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ بووە و هێشتا نازانرێت ئەو بارەگاى پێشمەرگە بەئامانج گیراوە یاخود ڕۆکێتەکە بە هەڵە لەو شوێنە کەوتووەتە خوارەوە. لێكۆڵینەوە لەبارەى ڕووداوەکەوە دەستی پێ كردووە.
ڕەمەزان سیاری، وتەبێژی فەرماندەیی پاراستنی ژینگە لە پارێزگای دهۆك، بە پەرەگرافی وت "ڕاستیی ڕووداوەكە ئەوەیە كە ڕۆكێتێك لە ئاراستەی گوندی سپیندارییەوە هاتووە و لە حەفارەیەكی خاڵێكی پێشمەرگەی داوە لە گوندی سەرگەلێ".
لە كاتی كەوتنە خوارەوەی ڕۆكێتەكە، حەفارەكە لە ئیشكردندا بووە، بەو هۆیەوە "شۆفێرەكەی قاچی بریندار بووە، كە پێشمەرگەیە و دەوامی لەو خاڵەی پێشمەرگەیە كە دەكەوێتە باشووری گوندی سەرگەلێ".
لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە و وتەبێژی فەرماندەیی پاراستنی ژینگە لە پارێزگای دهۆك دەڵێت "جارێ نازانرێت ئەو ڕۆكێتە لەلایەن كێوە هاوێژراوە، گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیا ڕەتیان كردووەتەوە كە هی ئەوان بێت".
مەسعود بۆتی، جێگری تەندورستیی ئامێدی، بە پەرەگرافی وت "هیچ بریندارێكی ئەو ڕووداوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئامێدی نەكراوە، ئێمەش لە پەیوەندیداین تا بزانین لەو گوندە چی ڕووی داوە".
هەروەها نزار محەمەد، موختاری گوندی سەرگەلێ، لەبارەی ڕووداوەكەوە بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەی من دەزانم، تەنیا ئەوەیە كە ئاگر لە دوو شوێن لە دەوروبەری خاڵێكی پێشمەرگە هەبووە و دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر كۆنتروڵ كراون".