وەزارەتی کارەبا: کێشەی پۆلیسی کارەبامان چارەسەر کردووە

10-07-2024 02:32
پەرەگراف
وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی خێرای ئەو كێشەیەی بووەتە هۆی خەرجنەكردنی مووچەی وەزارەتەكەمان".
وەزارەتەکە لە ڕوونكردنەوەیەكدا جەخت دەکاتەوە کە بە "نووسراوی فەرمی" ئەو تێبینییانەی لە ڕاپۆرتی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدراڵی و هەرێمدا هاتبوو، چارەسەری كردووە.
هەروەها دەڵێت "لەم پێناوەشدا خەرجیی مووچە و تەواوی شایستە داراییەكانی پۆلیسی كارەبای هەرێم، لەسەر میلاكی وەزارەتمان بۆ سەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ گواستراوەتەوە".
دوێنێ 9-7-2024، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "هۆکاری نەهاتنی مووچەی وەزارەتی کارەبا، کێشەی پۆلیسی کارەبایە".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "دوو هەزار و ٤٦٠ ناو لە لیستی وەزارەتی کارەبا زیادەیە، لەنێوان دائیرەی موازەنە و دائیرەی محاسەبە، بۆ مووچە دەکاتە دوو ملیار و ٨٦٦ ملیۆن دینار زیادەی جیاوازیی مووچە".
سۆران عومەر دەشڵێت "هۆکارەکەی پۆلیسی کارەبایە کە لەسەر وەزارەتی ناوخۆن و ناویشیان لەسەر وەزارەتی کارەبا هەیە".
وەکوو سۆران عومەر ئاماژەی پێ کردووە، "لە مانگی ١٠ـی ساڵی 2023ـوە داوا کراوە ئەم کێشە چارەسەر بکرێت"، بەڵام هێشتا چارەسەر نەکراوە.
پاش گەیشتنی پارەی مووچە لە بەغداوە، دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی ڕاگەیاند و بڕیارە لە دوو ڕۆژدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش بکرێت، بەڵام وەزارەتی کارەبا لە لیستەکەدا نییە، بەهۆی خەرجنەکردنی مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.