مەسرور بارزانی بۆ چارەسەری مووچەی هێزە ئەمنییەکان پەیوەندیی بە سوودانییەوە دەکات

10-07-2024 01:40

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کرد، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت: "بەمزووانە کێشەکە چارەسەر دەبێت".

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە میدیای سەرۆکی حکومەتی وت، سەرۆکوەزیران لەبارەی پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا، "بەمزووانە کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆ بووەوەو لە تەوەرێکدا مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران و مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی تاوتوێ کرد.

بەهۆی كێشە لە لیستی ناو و مووچەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی دوو مانگی ئەو هێزانەی نەناردووە، حكومەتی ناوەند سوورە لەسەر وردبینیی زیاتر لە لیستەكاندا و داوای زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو هێزانە كردووە.

پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم دواجار ڕەزامەندیی لەسەر وردبینیی زیاتر و پێدانی زانیاری لەبارەی لیستی هێزە چەكدارەكانەوە دەربڕی، لیژنەیەكی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كردووە بۆ وردبینیی.

لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی وت "ئەوان (بەغداد) داوای ناوی چواری، كۆد، بایۆمەتری و شوێنی دەوامكردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان دەكەن، جگە لەوەش داوای ناوی سیانیی دایكی هێزەكانی پێشمەرگە كراوە".

لیوا توانا سدیق دەشڵێت "شاندەكەی حكوومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر كێشەیەكیش لە لیستی مووچەدا هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان ڕانەگرن تا كێشەكە یان تێبینییەكە چارە دەبێت".

سەربارى گەیشتنى لیژنەکەى چاودێریی دارایی عێراق بۆ هەولێر و دەستپێکردنى وردبینى، بەڵام ئەمڕۆیش مووچەى هیچ کام لە مانگەکانى پێنج و شەشى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى پێشمەرگە خەرج نەکرا، هەرچەندە دوێنێ دوا قیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ مانگى شەش لە بەغداوە ڕەوانە کرا.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە زاری سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە دەڵێت "لە ‏ئەنجامی وردبینی، تێبینی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان هەبووە، داوای ‏زانیارییان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم درەنگ ‏ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە پێدانی زانیاری لەسەر لیستەكان".‏

سۆران عومەر كە سێ ڕۆژ لەمەوبەر بۆ بەدواداچوونی كێشەی مووچەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ د. عەمار سوبحی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق كردووە، وتی ‏‏"لیژنەكەی چاودێریی دارایی عێراق پێویستی بە 10 ڕۆژ هەیە بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتی ‏وردبینییەكەی لەسەر لیستی هێزە ئەمنییەكان".‏