گوللـەتۆپێک لە گوندی گوهەرزێ کەوتە خوارەوەو خەڵکی گوند خۆپیشاندان دەکەن

10-07-2024 02:17
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی خەڵکی گوندی گوهەرزێ

پەرەگراف- دهۆک

ئەمڕۆ گوللـەتۆپێک لە گوندی گوهەرزێ لە ئامێدی کەوتە خوارەوە کە ناوچەی شەڕی نێوان تورکیاو پەکەکەیە، خەڵکی گوندەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو ڕێگای سەرەکی قەزای ئامێدی و ناحیەکانی دەوروبەرییان داخست.

ئەحمەد سەعدوڵا، موختاری گوندی گۆهەرزێ بە پەرەگرافی وت "ئەمرۆ جارێکی تر گوللـەتۆپێک لەناو گوهەرزێ کەوتەخوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانی گیانی نەبوو، خەڵکی گوند لە بەرامبەر ئەوە ڕژانەسەر شەقام و رێگای سەرەکی نێوان دێرەلوک و ئامێدی و شیلادزێ-یان داخست".

موختاری گوندی گوهەرزێ وتیشی "رۆژانە گوللـەتۆپ لەناو گوندو دەوروبەری دەکەونە خوارەوە، بێزاربووین لەوەو هیچ کەسێک نایەتەسەرخەت، بۆیە دانیشتووانی گوند ڕژانە سەر شەقام، نیو کاتژمێرە رێگاکە داخراوە و تائێستا تەنها بەرپرسێکی ئاسایش گەیشتووەتە شوێنەکە".

گوهەرزێ نزیکەی هەزار کەسی تێدا دەژی، شەڕی تورکیاو پەکەکە ترسی خستووەتە خەڵکی ئەو گوندەو گوندەکانی دیکەی ناوچەکە.

سوپای توركیا، جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف چەند هەفتەیەكە بە هێزی زیاتر و چەكی قورسەوە خێراتر بەرەو قوڵایی سنوری پارێزگای دهۆك دەڕۆن، بە پاساوی شەڕی پەكەكە.

تەنیا لە ماوەی 10 رۆژدا، لە سنوری ناحیەی كانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی سێ گوند چۆڵكراون، ئەوانیش گوندەكانی دەرگەلێ، میسكا و شێلازا، لە تاو شەڕ و لەشكركێشی توركیا، تەنانەت لە هەندێك ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەندرمەی توركی بازگەی كاتییان داناوە، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان رادەگرن و پرسیاری هۆكاری هاتوچۆ و زانیاریی كەسییان لێدەكەن.

چەند هەفتەیەكە ئەو بارودۆخە سەربازییەی ناوچەكانی دهۆك بەردەوامە، بەبێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەكی رەسمی لە هەرێمی كوردستان و عێراق هەڵوێستەی لەسەر بکەن.