پژاك: لە هێرشەكەی كونەماسی شەهیدێك‌و سێ بریندارمان هەیە

26-06-2020 05:01

پەرەگراف

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك) ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی توركیا لە سەیرانگای كونەماسی بڵاوكردەوەو دەڵێت: گروپێكیان لەكاتی گەڕانەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان "بوونە ئامانجی هێرشی فڕۆكەی جەنگی و سیخوڕییەكانی دەوڵەتی فاشیستی توركیا".

مەجلیسی پژاك لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بە زیانی هێرشەكە كردووە بۆسەر خەڵكی مەدەنیی لە ناوچەكە، "زەرەر و زیانێكی زۆر بە ماڵ و سامانی خەڵك گەیشتووە".

لەبارەی زیانەكانیان پژاك دەڵێت "بە هۆی ئەو هێرشە دڕندانەیەوە هەڤاڵێكمان گەیشتە پلەی بەرزی شەهادەت و سێ هەڤاڵیشمان بریندار بوون. وێڕای شەرمەزاركردنی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیركەری توركیا، هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین و لە داهاتوویەكی نزیكدا، زانیاری وردتر سەبارەت بە چۆنێتی ئەو رووداوە بۆ ڕای گشتی بڵاودەكەینەوە".

ئێوارەی دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە كونەماسی ئەو گەریلایانەیان کردە ئامانج کە لە ئۆتۆمبێلێكدا بوون لە نزیک دوکانێک کە پێدەچێت نیازی شت کڕینیان ھەبووبێت، ئەوكات بەرپرسانی ناوچەكە بۆ پەرەگراف گوتیان ئۆتۆمبێلەكە چەكداری پەكەكەی تێدا بووە، بەڵام ئەمڕۆ پژاك ئاشكرایكرد گەریلاكانی ئەوان بوون، هێرشەكەی توركیا زیانی بە خەڵكی مەدەنی ناوچەكە گەیاندو شەش هاووڵاتی برینداربوون‌و دووكانێك بە تەواوەتی سووتا.