دوو هاووڵاتی بە بۆردومانی توركیا بریندار بوون

12-07-2024 05:29
نێچیر حەكیم برادۆستی، برینداری بۆردومانەكەی توركیا

پەرەگراف

بەهۆی بۆردومانی توركیا بۆ سەر كوێستانەكانی برادۆست، دوو هاووڵاتی بریندار بوون. برینی ‏یەكێكیان سووكە و ئەوی دیكە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە.‏

بەیانیی ئەمڕۆ سوپای توركیا تۆپبارانی كوێستانەكانی لۆلان و بناری چیای شەكێوی لە دەڤەری ‏برادۆست كرد. بەهۆیەوە پاوێك بە ناوی نێچیر حەكیم برادۆستی، بریندار بووە و ڕەوانەی ‏نەخۆشخانەی سیدەكان كراوە، هەروەها كچێكیش بە سووكی بریندار بووە و نەبراوەتە نەخۆشخانە.‏

بەهۆی نائارامیی ناوچەكە، نەتوانراوە تیمی فریاگوزاریی تەندروستی ڕەوانە بكرێت، بریندارەكە ‏لەلایەن كەسوكاری و خەڵكی ناوچەكەوە گوازراوەتەوە بۆ سیدەكان.‏

* شەڕ لە دەرگایە؛ گوندنشینانی دهۆك لە ئاگری چەك هەڵدێن

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT سەبارەت بە "چاودێریی دوایین ئۆپەراسیۆن و جموجووڵی سەربازیی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان" كە 8ـى ئەم مانگە بڵاو كراوەتەوە، توركیا لە 15-6-2024ـەوە ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لەناو خاكی هەرێم دەست پێ‌ كردەوە و زیانی گەورەی بە گوندنشینان گەیاندووە.

ڕێكخراوی سی پی تی دەڵێت "ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا لە دەڤەری بەرواری باڵا دەستی پێ‌ كردووە. لە ٢٥ی حوزەیراندا سوپاكە زاڵگەیەكی لە نێوان گوندەكانی بابیرێ و كانی بلاڤێ جێگیر كرد. لە ڕۆژی دواتردا سوپای توركیا دەستی كرد بە دروستكردنی حەوت بارەگای سەربازیی نوێ لەسەر لووتكە چیای گوندەكانی كانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمكە، بلیجان، كۆركا و گرێ بی لە سنوری قەزای باتیفا".

بەپێی ڕاپۆرتەكە، سوپای توركیا بە قووڵایی "15" كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا پێشتر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورەبروسكەدا سوپاكە بە قووڵایی "7" كیلۆمەتر تاوەكو گوندی هرورێ هاتبوو.

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTدەڵێت "لە سەرەتای دەسپێكردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەوە، توركیا 238 جار بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە، بەهۆیانەوە زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی و دارستان سووتاون، بەتایبەتی لە گوندەكانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، كانێ و ئاشكێ دێرێ لە قەزای ئامێدی".

هەر بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیاوە "162 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵ كراون و زیاتر لە 602 گوندیش لەژێر مەترسیی چۆڵبووندان".

"لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سوپای توركیا "1076" هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، 526 هێرش و بۆردوومان بۆ سەر پارێزگای دهۆك، 405 بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 10 هێرشی تریان بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەدرێژایی ساڵی 2023، سوپای توركیا 1548 جار بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە"، ئەمە بەپێی ڕاپۆرتەكەی سی پی تی.

ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە "سەرباری شەهیدبوونی هەشت هاووڵاتیی مەدەنی لەمساڵدا، لە هێرشەكانی سوپای توركیادا ژێرخانی ئابووری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بەئامانج گیراون و زیانیان بەركەوتووە".

* چوار ڕۆژە ڕەز و باخی پێنج گوند لە ئامێدی دەسووتێت، 'قایمقامی دهۆك ئاگرەكە ‏دەبینێت و هیچ هەوڵێك نادات'‏

* دێرینترین گوندی دەڤەری بەرواری باڵا بەهۆی لەشكركێشیی توركیاوە چۆڵ كرا