١٢ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا

26-06-2020 06:47

پەرەگراف

تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 12 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بچووکترینیان ئافرەتێکی تەمەن 41 ساڵە.

بەوەش کۆی گشتی مردن بە ڤایرۆسەکە لە سلێمانی گەیشتە ١٣٨ حاڵەت.

شێخ عەبدوڵڵا سەنگاوی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسلەوەش دەکات، رۆژانە ئامارەکانی مردن بە کۆرۆنا بەرزتر دەبنەوە، دەڵێت "تکاتان لێ دەکەین هاووڵاتییانی ئازیز ئاگاتان لە ئازیزانتان بێت و خۆپارێزی ئێوە پاراستنی گیانی ئەوانە".

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا باس لە ناشتنی قوربانییانی کۆرۆنا دەکات و دەڵێت "ئێمە رۆژانە پرۆسەی ناشتنی تەرمی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەدەبەین و، پێویست ناکات ئێوە خەمی چۆنییەتی ناشتنی ئازیزانتان بێت، چونکە ئەوان کەس و ئازیزی ئێمەشن".

سلێمانی لەسەرئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەگەڵ بەرزیی ڕێژەی مردن، هاوكات زیاتر لە نیوەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم لەو پارێزگایەن، لە كۆی 4 هەزارو 874 تووشبوو، 3 هەزارو 503یان لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كراون.