سەرۆكایەتیی پەرلەمان ناوی پێنج پاڵێوراوی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بڵاوكردەوە

19-05-2019 02:36

پەرەگراف - سەنگەر سالار

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ناوی پێنج پاڵێوراوی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم پەسەند كرد و كاندیدبوونی فەرهاد پیرباڵی ڕەتكردووەتەوە. پیرباڵ لەبارەی پەسەندنەكردنی وەكو كاندیدی سەرۆكی هەرێم بۆ پەرەگراف دەدوێت.

بەپێی نووسراوێك كە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڵاویكردەوە، هەریەك لە نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی، ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەمەد حەمەساڵح عومەر، ڕێبوار عەزیز مستەفا و هیوا عەبدوڵڵا خدر، سیڤییەكانیان بۆ كاندیدبوونی پۆستی سەرۆكی هەرێم پەسەند كراوە.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "ئەم پاڵێوراوانە مەرجی یاساییان تێدایە".

لەنێو ئەو پاڵێوراوانەی كە پەسەند كراون، ناوی د. فەرهاد پیرباڵ نییە.

د. فەرهاد پیرباڵ بۆ پەرەگراف، قبووڵنەكردنی وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بە "چاوەڕواننەكراو" ناو برد و وتی "هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان نەداوە كە لەبەر چی ناوی من لەناو كاندیدەكاندا نییە و بەدواداچوونی بۆ دەكەم".

د. فەرهاد پیرباڵ جەختی لەوە كردەوە "سیڤیی تەواوم پێشكەش كردووە و هیچ كەموكووڕییەكی نەبووە. ئەو ڕۆژەی كە سیڤیم پێشكەش كردووە، پێم وتوون هەر كەموكووڕییەك هەبوو ئاگادارم بكەنەوە".

مەرجی هەبوونی بڕوانامە بۆ كاندیدی سەرۆكی هەرێم كە لە كاتی پەسەندكردنی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمدا بە 69 دەنگی پەرلەمانتاران ڕەتكرایەوە، لەناو هاووڵاتیاندا بووە جێگای مشتومڕ و تەنز. 

بەشداربوویەكی فەیسبووك لەبارەی كاندیدنەكردنی فەرهاد پیرباڵەوە بە تەنزەوە نووسیویەتی "فەرهاد پیرباڵ لەبەر ئەوەی بڕوانامەی هەیە، بۆیە كاندیدبوونی قبووڵ نەكراوە". سەبارەت بەو قسەیە پیرباڵ بۆ پەرەگراف وتی "ئەوە توانجێكی جوانە. ئەو كەسە ڕاست دەكات، لەبەر ئەوەیە كە دكتۆرام هەیە".

د. فەرهاد پیرباڵ وتی "ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆم دەردەبڕم و ڕەنگە بچمە بەردەم پەرلەمانیش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی".

دوای ئاشكراكردنی ناوی پاڵوراوەكان، ئەو پاڵوراوانەی كە پەسەند نەكراون، دەتوانن لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە دادگای تەمیز تانە لە بڕیارەكە بدەنن، دادگا لە ماوەی دوو ڕۆژدا وەڵامیان دەداتەوە.

پەسەندكردنی پاڵێوراوانی سەرۆكی هەرێم دوای ئەوە دێت، پەرلەمانی كوردستان چوارشەممەی ڕابردوو بە دەنگی 89 ئەندام دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی بە دەسەڵاتەكانی پێشوویەوە كارا كردەوە.

بەپێی ئەو یاسایەی دامەزراوەكەی پێ كارا كرایەوە، سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیار نابێت.

نێچیرڤان بارزانی، كاندیدی پارتی، بەهێزترین كاندیدی ئەو پۆستەیە كە هەریەكە لە یەكێتی‌ و گۆڕان بەپێی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دەنگی پێ دەدەن.

سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 دامەزرا، هەرێمی كوردستان لە ماوەی 12 ساڵ هەبوونی ئەو دامەزراوەیەدا تەنها یەك سەرۆكی بەخۆیەوە بینی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەوەش بە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە یەكێتی.

بارزانی لەساڵی 2013دا دوو خولی سەرۆكایەتی هەرێمی تەواوكرد(8 ساڵ) دواتر 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو تا كۆتایی مانگی 10ی 2017 وازهێنانی ڕاگەیاندو ئامادە نەبوو لە پۆستەكەی بەردەوام بێت.

لەگەڵ وازهێنانی مەسعود بارزانی-دا دەسەڵاتەكانی دابەشكران بەسەر پەرلەمان‌و حكومەت‌و دادوەریی‌، زۆرینەی دەسەڵاتەكان دران بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، هەفتەی ڕابردووش دامەزراوەكە كارا كرایەوەو سەرۆكی نوێ كە چاوەڕوان كراوە نێچیرڤان بارزانی بێت، هەمان دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی دەبێت.