قوباد تاڵەبانی: هەموو مووچەخۆرێک دەبێت تۆماری بایۆمەتری هەبێت و ببێتە خاوەنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا

31-07-2024 03:28

 

پەرەگراف

لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوەو گفتوگۆی لەبارەی پڕۆسەی یەکخستنەوەی رێکارە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق کرد.

جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت "هەموو مووچەخۆرێک دەبێت تۆماری بایۆمەتری هەبێت و ببێتە خاوەنی ژمارەی کەسیی بێهاوتا، چونکە ئەم ژمارەیە دەبێتە بناغەی هەموو مامەڵەیەکی حکومی، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای داتاکانی تۆماری بایۆمەتری تەمویلی موچەخۆرانی هەرێم دەکات".

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت "لایەنە پەیوەندیدارەکانمان راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی تێبینییە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراترکردنی پرۆسەی تەمویل کردن و دابەشکرنی مووچە".

هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە، هەر مووچەخۆرێک تۆمار نەکرابێت و گرفتی یاسایی نەبێت ئاسانکاری بۆ بکرێت بۆ خۆتۆمارکردن.