
پەرەگراف
عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی دوای نزیکەی مانگێک لە دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی بە "یاسای ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر"، ئەمڕۆ ئازاد کرا.
پێشڕەو کوڕی عەتا سەراوی هەواڵی ئازادکردنی باوکی ئاشکرا کردو دەڵێت "ئێستا لە زێدی خۆیەتی لە سەراوی سوبحان ئاغا".
بەرەبەیانی ڕۆژی 5-7-2024 پاش گەڕانەوەی لە سوید، عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستگیر کرا.
میدیای یەکێتی لەکاتی دەستگیرکردنەکەیدا ڕایگەیاند، عەتا سەراوی بە یاسای ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر دەستگیر کراوە.
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کە میدیای فەرمیی یەکێتییە، لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە "عەتا سەراوی داواكراوبووە بە ماددەكانی ( ٤٥٦ ) لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بە ماددەی ( ٢ )لە یاسای ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر لە دەزگای ئاسایشی هەرێم".
گەلی کوردستان لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە وتیشی "ناوبراو تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان".
دەستگیرکردنەکە پاش ئەوە هات کە لە ڕۆژی 19-4-2024 ئۆتۆمبێلێکی عەتا سەراوی لەبەردەم چێشتخانەیەکدا لە سەرچنار تەقییەوە، بەڵام زیانی گیانیی نەبوو، لەو کاتەوە ئاسایش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ڕووداوەکە ڕانەگەیاندووە.
عەتا سەراوی لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی لە ئاسایش بڵاوی کردەوە وتی "دەمەوێ چاک بزانن، ینک ھی ئێمەیە و ئەو کۆنە سیخوڕ و جاش و تابووری پێنجەمانەی دەیانەوێ لە یەکێتی دەرمان پەڕێنن، زۆر سەھون و وەکوو مێخ لەسەر دڵیان دەچەقین!!!".