قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی تورکیا کۆبوونەوە

01-08-2024 06:47

پەرەگراف

کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی قوباد تاڵەبانی کردو پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانیان تاوتوێ کرد.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە "لەگەڵ بەڕێز ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان کرد لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و جەختمان کردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان".

تاڵەبانی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە دۆخی ئەمنی و سیاسی و داخستنی ئاسمانی تورکیایان بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا باس کردووە یان نا، ئەوە لەکاتێکدایە نیگەرانییەکانی تورکیا بەرامبەر یەکێتی و سزادانی سلێمانی بەردەوامە بەهۆی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە.

تورکیا چەندجارێک داوای لە یەکێتی کردووە سنورێک بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە دابنێت و لە بەرامبەردا ئەوانیش ئامادەن سزاکان هەڵبگرن، بەپێچەوانەوە ڕایگەیاندووە هەنگاوی زیاتر بۆ سزادانی سلێمانی دەنێن.

تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوەیان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ و تا ٣-٧-٢٠٢٣بوو، بەڵام دواتر سێ جار و هەرجارەی شەش مانگی دیکەی درێژکردەوە تا ٧-١٢-٢٠٢٤.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات دوای ڕاگرتنی گەشتەکان هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی: "بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیەو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

بەرپرسانی سلێمانی تۆمەتەکانی تورکیا ڕەتدەکەنەوەو  ت«جەخت لە مەدەنی بوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.

چوار ڕۆژ دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، لە ٧-٤-٢٠٢٣دا ھێرشێکی ئاسمانیی کرایەسەر نزیک فڕۆکەخانە کە تێیدا مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی زیانی گیانیی بەدواوە نەبوو.