
پەرەگراف
پێنج ئەندامەکەی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ئەندامەکەی کرستیان و سێ ئەندامی کوتلەی عەرەبی، ئەمشەو لە بەغداد کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان ئەنجامدا و ڕێبوار تەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییان بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژارد.
هاوکات محەمەد حافز لە کوتلەی عەرەبی بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە 9 ئەندام بوون کە نیوە+1ی ئەنجومەنەکە دەکات و ڕێژەی یاساییە بۆ بردنەوەی پۆستی پارێزگار، 2 ئەندامی پارتی و 2 ئەندامی تورکمان و 3 ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
زیاتر لە ٧ مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستەکان بەتایبەت پۆستی پارێزگار، پارێزگاری نوێ هەڵنەدەبژێردرا، یەکێتی و پارتی وەک دوو لایەنی کوردیی ناکۆکن و هەر یەکەیان دابەشی سەر بەرەیەکی جیاواز بوون.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک 11ی مانگی ڕابردوو لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم دانیشتنی ئەنجامداو سبەینێ کۆتا وادە بوو لەبەردەمیدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار.
یەکێتی براوەی یەکەمی حیزبەکان بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەو حیزبە ٥ کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیە.