گۆڕان لە یادی نەوشیروان مستەفادا دەرگا بۆ ڕەخنەو پێشنیاری ناڕازییەكان دەكاتەوە

19-05-2019 04:32
بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە/ مانگی 5-2018. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف

گۆڕان بە فەرمی دەگا دەكاتەوە بۆ ڕەخنەو پێشنیاری بەرپرس‌و هەڵسوڕاوە ناڕازییەكانی بە ئامانجی پتەوكردنی ڕیزەكانی‌، دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش كۆنفرانسی نیشتیمانی دەبەستێت بۆ پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەكانی.

لە دووەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەكەو تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بڕیاریداوە دوا بەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كۆنفرەنسی نیشتیمانی ببەسترێت كە ئەركە گرنگەكانی بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان‌و بەرنامەی سیاسی‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەكان‌و ڕێكخستنەوەیان.

"گۆڕان لەم ڕوەوە پێشوازی لە هەر سەرنج‌و تێبینی‌و ڕەخنەو پێشنیارێك دەكات لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و پرنسیپە ڕێكخراوەییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە ئامانجی پتەوكردنی ڕیزەكانی‌و باشتركردنی ئەدای ئۆرگانەكانی گۆڕان‌و بەهێزكردنەوەی متمانەی هەمو هاوڵاتیانی كوردستان بە پەیام‌و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان" ڕاگەیەندراوەكە وادەڵێت.

پێشتر پەرەگراف ئەوەی بڵاوكردەوە، لە یادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، پرسی گفتوگۆی ناوخۆیی بۆ چارەسەری كێشەكانی گۆڕان بووەتە باسێكی گەرمی ناو بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە، ناڕازییەكان هەندێكیان هێندە بەتەنگ چارەسەری كێشەكانەوەن، بە "خەون پێوە بینین" ناوی دەبەن، هەندێكی دیكەشیان دەڵێن: كێشەكان بە جۆرێك قووڵ بوونەتەوە چارەسەریان "ئەستەمە".

گۆڕان لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا ڕوبەڕوی كێشەی قووڵ بووەتەوەو چەندین بەرپرسی باڵا لێی دوور كەوتوونەتەوە، تائێستاش هیچكام لەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون كە لە قۆناغە جیاجیاكاندا دراون بۆ چارەسەری گرفتەكان.

كردنەوەی دەرگا بە ڕووی ڕەخنەو سەرنج‌و پێشنیار بۆ چاككردنی دۆخی ناوخۆیی گۆڕان لە كاتێكدایە، پێشتر ناڕازییەكانی ناو بزووتنەوەكە چەندین پڕۆژەیان ئاڕاستەی بەرپرسانی گۆڕان كردووە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، گوێیان لێنەگیراوەو پشتگوێ خراون.

دەقی بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە

هاونیشتیمانیانی كوردستان…

ئەمڕۆ دو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر كۆچی دوایی سەركردەی ناوداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان، نەوشیروان مستەفا. كاك نەوشیروان نەك تەنها بۆ نزیكەی نیو سەدە وەك سەركردەیەكی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی گەورە بەشداری كاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی كورد كردوە بەڵكو، وەك كەسایەتییەكی هەڵكەوتو لە بواری فیكری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی‌و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بوە. ئەم سەركردە مەزنە وەك لاوێكی خاوەن توانا بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردوەو لە شۆڕشی نوێی گەلەكەمانیش رۆڵی سەركردەیەكی ژیرو كارای دیوەو ئەندازیاری راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بوە. لە دوای راپەڕینیش سەركردایەتی رەوتی بنیاتنانی پایەكانی دەوڵەتی كوردستان‌و بەنیشتیمانیكردنی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم‌و چاكسازی كردوە. شۆڕەسواری چەسپاندنی مافە نەتەوەییەكانی كورد بوە لە گفتوگۆكانی نێوان كورد‌و بەرامبەرەكانیدا بە نوسینەوەی دەستوری عیراقیشەوە. دوا وێستگەی خەباتی سیاسی كاك نەوشیروان دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بو. هەر بۆیە كاك نەوشیروان تەنها موڵكی یەك لایەن‌و یەك پارچەی كوردستان نیە بەڵكو، موڵكی هەمو خەڵك‌و خاكی كوردستانە.

ئێمە لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە كوردستان‌و ناوچەكە بە بارودۆخێكی دژوارو ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ. گرژی‌و ئاڵۆزی نێوان زلهێزەكان‌و هێزە ئیقلیمییەكان ناوچەكەی خستۆتە بەردەم مەترسی ئەگەری زۆرەوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی كۆمەڵایەتی مەدەنی دژی ئەوەیە هەرێم‌و عیراق بكرێن بە مەیدانی شەڕی زلهێزەكان. لەلایەكی ترەوە قەیرانی ئابوری‌و دارایی ژیان‌و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی تێكداوە. سەرەڕای ئەمانەش ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان‌ هاونیشتیمانیانی هێندەی تر نائومێد كردوەو ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەكی جیدی‌یەوە.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست…

بزوتنەوەی گۆڕان لە هەستكردن بە بەرپرسیاریێتی‌و خەمخۆری بۆ خەڵكی كوردستان‌و لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكرد بە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی‌و رێكەوتنێكی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئیمزا كرد. لەو رێكەوتنەدا توانرا بەشێكی زۆر لە پاكێجەكانی چاكسازی، كە هەموی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، بكرێ بە كارنامەی كابینەی داهاتو. لە بەرامبەردا هەمواركردنەوەو كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند كرا، كە تێیدا سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی كورستانەوە هەڵدەبژیردرێ.

هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی یەكڕیزی نێوان هەمو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەینەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات‌و ئەوانەش كە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاكو بتوانین هەمومان بەیەكەوە روبەڕوی ئەو ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوەو قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بپارێزین‌و ئەو ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە . هەر ئەمەش ماكی سەركەوتنی گەلەكەمانەو دەبێتە رێگر لەبەردەم دوبارەبونەوەی روداوە نەخوازراوەكانی شەڕی ناوخۆو كارەساتی شەنگاڵ لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ و لەدەستدانی كەركوك‌و زۆربەی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان لە ١٦ ئۆكتۆبەری ٢٠١٧و لاوازبونی پێگەی كورد لە بەغدا.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی گۆڕان، جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەركە گرنگەكانی كۆنفرەنس بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان‌و بەرنامەی سیاسی‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەكان‌و رێكخستنەوەیان‌، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هاوڵاتیانی كوردستان بێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەم روەوە پێشوازی لە هەر سەرنج‌و تێبینی‌و رەخنەو پێشنیارێك دەكات لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و پرنسیپە رێكخراوەییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە ئامانجی پتەوكردنی ریزەكانی‌و باشتركردنی ئەدای ئۆرگانەكانی گۆڕان‌و بەهێزكردنەوەی متمانەی هەمو هاوڵاتیانی كوردستان بە پەیام‌و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان.

لە كۆتاییدا بەڵێن بە هاونیشتیمانیانی كوردستان‌و روحی كاك نەوشیروان دەدەین كە داكۆكی لە ماف‌و داوا رەواكانی خەڵك بكەین‌و درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەین‌و پابەند بین بە پەیام‌و بەرنامەكانی گۆڕان لەمەڕ هێنانەكایەی دادوەری كۆمەڵایەتی‌و چەسپاندنی سەروەری یاساو بەگژاچونەوەی گەندەڵی‌و بەنیشتیمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێم‌و هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی‌و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و ناوچە كوردستانییە دابڕینراوەكان‌و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها شێلگیرانە درێژە بەو كارو بەرنامانە دەدەین كە رەوانشاد لە پەیام‌و نوسینەكانی‌‌و بۆنە فەرمییەكاندا ئاماژەی پێكردون. لە هەمان كاتدا بەكارهێنانی ناوی كاك نەوشیروان‌و بیروبۆچونەكانی بۆ مەبەستی شەخسی رەتدەكەینەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی كاك نەوشیروان‌و هەمو ئەوانەی لە پێناوی رزگاری كوردستان‌و دەستەبەركردنی عەدالەتدا خەباتیان كردوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٩/٥/٢٠١٩