
پەرەگراف
ڕێبوار تەها سوێندی یاسایی خوارد و وەكوو پارێزگاری كەركووك دەستبەكار بوو. لە یەكەم لێدوانیدا بەڵێنی دا كە "دەبمە چەترێك بۆ هەموو كەركووكییەكان". دەشڵێت "لەمڕۆوە هەموو پێكهاتەكان یەك ناسنامەمان هەیە، ئەویش كەركووكە".
ڕێبوار تەها، بەیانی ئەمڕۆ 14-8-2024، لەبەردەم سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووك، سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەكار بوو. یەكەم نووسراویش كە وەكوو پارێزگاری نوێی كەركووك واژووی لەسەر كرد، نووسراوی خانەنشینكردنی ڕاكان جبووری، پارێزگاری پێشووی بەوەكالەتی كەركووك بوو.
پارێزگاری نوێی كەركووك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "نامانەوێت ئایندەی منداڵانی كەركووك وەكوو ئێمە لە ململانێدا بێت، ئەو سیاسەتە ئەنجامەكەی ماڵوێرانی بوو، بۆیە دەمانەوێت پێكەوە كار بكەین و پێكەوە بژین".
ڕێبوار تەها جەختی كردەوە كە "بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێكهاتەكان دەكەین و دەمانەوێت پێكەوە كار بكەین لەپێناو ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیریی كەركووك".
ڕێبوار تەها، پارێزگاری نوێی كەركووك لە پشكی یەكێتی، لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەدا ڕۆژی 10-8-2024 لە هۆتێل ڕەشید لە بەغداد بە پارێزگاری هەڵبژێردرا.
لە دانیشتنەكەدا نۆ ئەندام بەشدار بوون، پێنج ئەندامەكەی یەكێتی و سێ ئەندامی پێكهاتەی عەرەب و ئەندامەكەی كریستیان، تێیدا محەمەد حافز لە كوتلەی عەرەبی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵبژێردرا. دوو ئەندامەكەی پارتی و سێ ئەندامی عەرەب و دوو ئەندامەكەی توركمانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا، بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد.
پارتی و توركمان و ئەو سێ ئەندامە عەرەبی بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد، كۆبوونەوەكە بە "نایاسایی" ناو دەبەن و لە داگای فیدراڵی سكاڵایان دژی تۆمار كردووە.
ئەو لایەنانە دوو ڕەخنەی سەرەكییان لە دانیشتنەكە هەیە، یەكەم: كۆبوونەوەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام نەدراوە، بەبێ ئەوەی "هیچ ڕێگرییەكی ئەمنی و یاسایی" هەبێت. دووەم: كۆبوونەوەكە دەبوو لەلایەن سەرۆكی تەمەن كە ڕاكان جبوورییە و بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەكەیە، سەرۆكایەتیی بكرێت.
ڕاكان جبووری دەڵێت "ئەو دانیشتنەی كە تێیدا شایستەی خەڵكەكەمان لەلایەن بەشێك لە نوێنەرەكانیەوە دزرا، بە ڕێگەیەكی یاسایی نەكراوە و داواكاریی ئامادەكارییش پێشكەش بە سەرۆكی بەتەمەن نەكراوە، بەڵكو یەك لیست لە ڕۆژی پشوودا داوای كۆبوونەوەی كردووە".