
پەرەگراف
لە بۆردوومانەکەی نزیک سەیدسادقدا، دوو ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر گیانیان لەدەست داوە و ڕۆژنامەنووسێکیش بریندار بووە.
سەرۆکی کۆمپانیای چەتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو سێ کەسەی کراونەتە ئامانج، ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە حیزبی سیاسییەوە نەبووە".
سەرۆکی کۆمپانیاکە سەبارەت بە ناسنامەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی گیانیان لەدەس داوە وتی "یەکێکیان ناوی گوڵستان تارایە و خەڵکی باکووری کوردستانە، زیاتر لە سێ ساڵە وەکوو ڕاوێژکاری میدیایی لە بەشی هەواڵی سیاسی کاری کردووە، ئەوی دیکەشیان ناوی هێرۆ بەهادینە و خەڵکی سلێمانییە، نزیکەی شەش ساڵە لە کۆمپانیای چەتر کار دەکات".
کەسی سێیەم کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و بریندارە، ناوی (ڕێبین ڕەفیق)ـە، کە ئەویش "ڕۆژنامەنووس بووە لە کۆمپانیای چەتر".
دژەتیرۆری کوردستان (دژەتیرۆری پارتی)، لەبارەی ڕووداوەکەوە دەڵێت "ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بەپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران".
سەرۆکی کۆمپانیای چەتر لە وەڵامی دژەتیرۆری پارتیدا دەڵێت "ئەمە چەواشەکارییە و جارێکی دیکە ڕەوایەتیدانە بە تورکیا کە بێت ببێت بە کوێخای نیشتمانەکەمان".
کاتژمێر 11:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی میدیای نزیک لە پە-کە-کەی لە نزیک قەزای سەیدسادق کردە ئامانج، ئۆتۆمبێلێکی دیکەش لە هێرشەکەدا زیانی بەرکەوتووە.