پەرەگراف
ئێوارەی ئەمڕۆ هاووڵاتییەكی مەدەنی بەهۆی تۆپبارانی توركیا بۆ سەر گوندێكی قەزای سیدەكان شەهید بوو.
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێكخراوی CPT دەڵێت، ئەو هاووڵاتییە "كاتژمێر 4:15 خولەكی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تۆپبارانی سوپای توركیا لە گوندی مێرگە حەوش لە كوێستانی سنین، شەهید بووە".
هاووڵاتییەكە ناوی (بەدیع كەمال محەمەد)ـە و لەدایكبووی ساڵی (1995)ـە.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی CPT كە چاودێریی ناوچەكانی شەڕ دەكات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، "12 هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانیی هێرش و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا".
ڕێكخراوەكە دەشڵێت "لەو ژمارەیە 10 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و دوو هاووڵاتی بریندار بوون. پێنج لە قوربانییەكانیش لە سنووری قەزای سیدەكان بوون".
هەر ئەمڕۆ، ڕێكخراوی CPT بڵاوی كردەوە، تەنیا شەوی ڕابردوو سوپای توركیا "بە شێوەیەكی زنجیرەیی و لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە، 24 جار بۆردومانی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەڵام هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی". وەزارەتی بەرگریی توركیاش دەڵێت "20 بنكە و بارەگا و كۆگای پەكەكەمان كردووەتە ئامانج".