پەرەگراف
وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان لەبارەی بڵاوكردنەوەی فۆڕمی بەشداری لە (پرۆژەی هەژماری من) لەناو خانەنشیناندا، ڕوونكردنەوە دەدات و دەشڵێت "خانەنشینان سەرپشكن لە بەشداریكردن یان نەكردن لە هەژماری من، بەڵام تەوتین لە بانكە فیدراڵییەكان گرەنتیی زیاترە و من وەكوو خۆم چاوەڕێی ئەوە دەكەم".
سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە، دەڵێت "دوێنێ لە كاتی دابەشكردنی مووچەدا، لە هەندێك شوێن فۆڕمێكی پرۆژەی (هەژماری من) دراوە بە خانەنشینان، كە تێیدا بە وشەی (دەبێت) داوایان كردووە ئەو فۆڕمانە لە ماوەی هەفتەیەك بۆ 10 ڕۆژدا پڕی بكەنەوە".
وەكوو وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان ئاماژەی پێ دەدات، لەناو فۆڕمەكەدا "ناوی چەند بانكێكی تێدایە كە لە سێبەری پرۆژەی (هەژماری من)ـدان".
سادق عوسمان دڵنیایی دەدات كە "پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە و بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) خۆویستانەیە و بە هیچ شێوەیەك ئیجباری (ناچاری) نییە". جەختیش دەكاتەوە كە "خانەنشین سەرپشكە لەوەی كە فۆڕمی هەژماری من پڕ دەكاتەوە، یان چاوەڕێی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكات".
وەكوو وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان ئاماژەی پێ دەكات، وەزارەتی دارایی عێراق "پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكاتەوە"، بەڵام "لە گفتوگۆی بەردەوامیشدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ شێوازی جێبەجێكردنی بڕیارەكە".
وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان بەشدارینەكردنی خۆی لە (هەژماری من) ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "تەوتین لە بانكە فیدراڵییەكان گرەنتیی زیاترە و من وەكوو خۆم چاوەڕێی ئەوە دەكەم".
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە "بانكە فیدراڵییە حكومییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان" جێگیر (تەوتین) بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە مووچە لە ڕێگەی پرۆژەكەی مەسروور بارزانییەوە بدرێت كە ناوی (هەژماری من)ـە.
هەرچەندە چەند جارێك بەرپرسانی باڵای هەرێم ڕایانگەیاندووە كە بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من "خۆویستانە"یە و مووچەخۆران "سەرپشك"ـن لەو بابەتەدا، بەڵام بە ڕێگەی جیاواز تا ئاستی فشاریش لە هەوڵدان كە فەرمانبەر و مامۆستا و خانەنشینان بەشداری لە پرۆژەكە بكەن.