سێ‌ كەس لە هێرشی درۆنی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك لە خەلەكان گیانیان لەدەست دا

04-09-2024 02:56
وێنەى ئۆتۆمبێلە بۆردومانکراوەکە

پەرەگراف

لە هێرشێكی درۆنیدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك لە نزیكی خەلەكان، سێ‌ كەس گیانیان لەدەست داو تەرمەكانیان بە تەواوی سووتاون.

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT دەڵێت "بۆردوومانەكە لە كاتژمێر 1:25 خولەكی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ" ئەنجام دراوە. تێیدا "ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا لاندكروزەر لەسەر ڕێگای نێوان خەلەكان - دوكان و لە نزیك گوندی مێرگە پاشا، لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركییەوە" كراوەتە ئامانج.

قائیمقامی قەزای دووکان ڕایگەیاند، ئەو سێ کەسەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و کوژراون دوانیان باوک و کوڕن و خەڵکی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینن، کەسی سێیەم هێشتا ناسنامەی دیارنییەو بەهۆی سووتاوییەوە نەناسراوەتەوە. بەڵام سەرچاوەی خۆجێییەکان دەڵێن کەسی سێیەمیش هەر کوڕی ئەو پیاوەیە.

ئێوارەی دوێنێش هاووڵاتییەكی مەدەنی بەهۆی تۆپبارانی توركیا بۆ سەر گوندێكی قەزای سیدەكان شەهید بوو.

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێكخراوی CPT ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە "كاتژمێر 4:15 خولەكی دوانیوەڕۆ بەهۆی تۆپبارانی سوپای توركیا لە گوندی مێرگە حەوش لە كوێستانی سنین، شەهید بووە".

هاووڵاتییەكە ناوی (بەدیع كەمال محەمەد)ـە و لەدایكبووی ساڵی (1995)ـە.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی CPT كە چاودێریی ناوچەكانی شەڕ دەكات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، "12 هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانیی هێرش و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا".

ڕێكخراوەكە دەشڵێت "لەو ژمارەیە 10 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و دوو هاووڵاتی بریندار بوون. پێنج لە قوربانییەكانیش لە سنووری قەزای سیدەكان بوون".