حەلبووسی دژایەتیی تووندی ڕاگەیاند بۆ پێدانی چەکی قورس لەلایەن ئەمەریکاوە بە پێشمەرگە

15-09-2024 06:21

پەرەگراف

محەممەد حەلبووسی سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عەرەبی سوننە، دژایەتی تووندی ڕاگەیاند بۆ پێدانی چەکی تۆپی قورس بە هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە.

هەڵوێستەکەی حەلبووسی لەکاتێکدایە زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر پێدانی ئەو چەکانە بە پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە کە ڕەزامەندیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەر بووە، ڕوون نییە بۆچی حەلبووسی لە ئێستادا ئەو هەڵوێستە پیشان دەدات.

حەلبووسی لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "بە هەموو شێوەیەک پڕچەککردنی هێزە خۆجییەکان(بە تۆپی قورسی پێشکەوتوو) رەتدەکەینەوە کە ئەرکی دەستوورییان تەنها پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی سنووری بەرپرسیارێتییانە".

حەلبووسی ترسی خۆی ناشارێتەوە لە بەکارهێنان لە ململانێ ناوخۆییەکان، دەڵێت "ئەم رێکارە رەتکراوەیە، ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ لێدان لە ئاسایشی نیشتمانی کۆمەڵگە بەگشتیی و پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک بەتایبەتی، ئەگەری هەیە ئەو چەکانە بە خراپی بەکار بهێنرێن (خوانەخواستە) لە داهاتوودا لە ناکۆکی نەتەوەیی، یاخود حزبیی بەکاربهێنرێن".

"ئەمجۆرە چەکانە تەنها دەبێت بە دەست سوپای عێراقەوەبن کە ئێمە بەردەوام داوای باشکردنی تواناکانیان دەکەین" حەلبووسی وادەڵێت.

ڕۆژی ٦-٨-٢٠٢٤ ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتەکە کرد. کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە فەیسبوک وتی "کەلوپەلی سەربازیی گرنگمان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەوەش دەرخەری قۆناغێکی گرنگی بونیادنانی توانای هێزەکانی پێشمەرگەیە. ئەم چەکانە دەبنە ئامڕاز بۆ باشترکردنی توانای گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە دابینکردنی ئاساییش و دڵنیاییدانە لە شکستپێهێنانی بەردەوام و درێژخایەنی داعش بە سەرکردایەتیی عێراق".

لە مەراسیمی وەرگرتنی چەکەکاندا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە وتی "کۆمەڵێک چەکی قورس، کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت، کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستا کە شەڕی تەکنەلۆجیایی سەربازییە".

وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، هێزی پێشمەرگە چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی چەکی تەکنەلۆجیی پێشکەوتوو، ئەوەش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەمەریکا.

"حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و تەواوی فەرماندەکانی کوردستان،  سوپاسی زۆری حکوومەت و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەکەین وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و حکوومەتی ئەمریکا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە" شۆڕش ئیسماعیل وای وت.

وەزیری پێشمەرگە سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپا سالاری عێراقی کردو وتی "هەوڵی زۆر و ئاسانکاریی زۆریان کردووە تاوەکو ئەم چەکانە بگاتە هێزی پێشمەرگە، ئەوەش دڵنیاکەرەوەیەکی دەستوورییە، کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری خاکی عێراق و دڵنیاییەکیشە بۆ هێزی پێشمەرگە، کە حکوومەتی فیدراڵ هاوشانی سوپای عێراق هاوکاری پێشمەرگە دەکات".

لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.

حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.