کوردستان دەنگ دەدات؛ نزیکەی ٣ ملیۆن دەنگدەر ١٠٠ کورسی یەکلا دەکەنەوە

22-09-2024 04:43

پەرەگراف

دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.

خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.

هەڵبژاردنەکە دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.