هەڵوێستی پەكەكە لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكەی ڕۆژئاوای كوردستان‌و كۆمپانیایەكی ئەمریكی

09-08-2020 04:45
جەمیل بایك، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان.

پەرەگراف

جەمیل بایك هەڵوێستی پەكەكە لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكەی ڕۆژئاوای كوردستان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی ئاشكرا دەكات، بایك دەڵێت، نەوت هی هەموو گەلانی سوریایەو ڕێككەوتنەكە دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بێت، ئەگەر نا هەڵوێستیان دەبێت.

هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە-چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) لە گفتوگۆیەكی كەناڵی ئاسمانیی ستێرك تیڤی، لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكەوە ئەوەی خستە ڕوو، ئەوانیش لە ڕاگەیاندنەكانەوە زانیویانە.

"لە بنەڕەتدا ئەمانە چیە و چۆنە ئێمە نازانین. دەوترێت لەگەڵ وێستگەیەكی نەوت ڕێكەوتن ئیمزا كراوە. تەنانەت سوریاش لێدوانیداو وتی ئێمە قبوڵمان نیە. وتی، ئەمە نایەكسانیە، نەوتمان دەدزرێت. هێندەی ئێمە دەزانین سوریا لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە تەنها ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان قبوڵ دەكات، واتە وەكو دەسەڵات و دەوڵەت" بایك وا دەڵێت.

دەشڵێت "هەر سەروەتێك لەسەر زەوی و ژێر زەوی خاكی سوریا هەیە، هی گشت گەلانی سوریایە، تەنها هی هەندێك كەس نیە. ناكرێت هەندێك كەس بێن و ئەم سەروەتە بكەن بە هی خۆیان. ئێمە پێشتریش وتبوومان، ئێستاش دەیڵێینەوە".

كۆتایی مانگی ڕابردوو واژۆكردنی گرێبەستەكە لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئاشكرا كرا، تائێستا بە فەرمی كوردانی ڕۆژئاواو بەرپرسانی ئەمریكا زانیارییان لەبارەیەوە ئاشكرا نەكردووە، هەرچەندە سەرەتا گوترا توركیاو ڕوسیا "ناڕازیی نین"، بەڵام دواتر ئەو دوو وڵاتە بە فەرمی دژایەتییان بۆ گرێبەستەكە ڕاگەیاند، سوریاش بە تووندی دژی وەستایەوە.

گرێبەستەكە بۆماوەی 25 ساڵەو كۆمپانیای دێلتا كریسنت ئینێرژی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان واژۆی كردووەو تایبەتە بە پەرەپێدان، فراوانكردن و دەرهێنانی نەوت، ئەو گرێبەستە بە "ئاگاداری‌و هاندانی" كۆشكی سپی ئەمریكا واژۆ كراوە، ئەو كێڵگە نەوتییانە دەگرێتەوە كە لە ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزە ئەمریكییەكانەوە پارێزگارییان لێدەكرێت.

هەر لەبارەی گرێبەستەكەوە، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە، ئاماژە بەوە دەكات، خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش پێشتر گوتوویەتی نەوت‌و سامانی سەرزەوی‌و ژێرزەوی هی هەموو گەلانی سوریایە‌و لە هەمووشی ڕاستتر هەر ئەمەیە.

جەمیل بایك دەڵێت"ئەم پەیمانانە كە لەگەڵ وێستگەكانی نەوت ئیمزا كراون، تا چەند لەم چوارچێوەیەدایە، ئێمە نازانین. بەڵام دەبێت بەم شێوەیە بێت. واتە ئەمڕۆ كە لە سوریا هەندێك كێشەی ئابوری هەیە، لەسەر باكوری سوریاش ئەگەر ئەم كێشانە لەبەرچاو بگیرێن و لەم چوارچێوەیەدا ڕێكەوتن ئیمزا بكرێن، ئێمە شتێك ناڵێین، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت، دەبێت مرۆڤ هەڵوێستەی لەسەر بكات".

كۆمپانیای دێلتا كریسنت ئینێرژی لە ویلایەتی دیلاوەری ئەمریكایەو بەپێی یاسا بازرگانییەكانی ئەو ویلایەتە مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ واژۆكردنی گرێبەستەكە لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش دوای ماوەیەكی زۆر گفتوگۆ لە نێوانیاندا.

ڕۆژئاوای كوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەیەكی سروشتیی، بەتایبەت نەوت‌و گاز، بەشێكی زۆری نەوت‌و گازی سوریا دەكەوێتە خاكی كوردستان بەتایبەت لە شارۆچكەی ڕمێلان كە نزیكە لە سنوری توركیا‌و لەژێر كۆنتڕۆڵی كوردانی ڕۆژئاوادایە، ئەمریكا ئەركی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكانی لە ئەستۆ گرتووە.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەپشت ئەنجامدانی گرێبەستەكەوەیە، ئەو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لیندزی گراهام سیناتۆری ئەمریكیی نزیك لە دۆناڵد ترەمپ كردووە كە بە دۆست‌و پشتیوانی كورد دەناسرێت، كۆبانێ باسی گرێبەستەكەی بۆ كردووەو داوای لێ كردووە كە زانیاریی‌و وردەكارییەكان بە دۆناڵد ترەمپ بگەیەنێت.

دوای ئەو گفتوگۆیە، لیندزی گراهام ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوەو بە ڕۆژنامەنووسێكی كەناڵی سی بی ئێسی ئەمریكی گوتووە كە مەزڵوم كۆبانێ باسی گرێبەستێكی نەوتیی بۆ كردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە لیندزی گراهامی گوتووە، كە ئەو گرێبەستەكەی بەلاوە باشە هەرچەندە ماوەیەكی زۆری پێچووە لەوەی كە هیوایان بۆ خواستووە، پۆمپیۆ دەڵێت "ئێمە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردنداین".

سوریا بەرلەوەی شۆڕش تێیدا سەرهەڵبدات‌و تووشی شەڕی ناوخۆیی ببێت لە ساڵی 2011، ڕۆژانە 380 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، ئێستا حكومەتی دیمەشق، ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بە "دزینی" نەوتەكەی، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند تەنها ژمارەیەكی كەم سەرباز لە خاكی سوریا دەهێڵنەوە كە ئەركیان "پاراستنی نەوت" دەبێت.