یەرەكە شەهیدبوونی 7 گەریلاو دوو وڵاتپارێزی لە شارباژێڕ ڕاگەیاند

10-08-2020 04:57

پەرەگراف

یەكینەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان(یەرەكە) ڕایگەیاند، لە بۆردومانێكی ئاسمانیی سێ ڕۆژ لەمەوبەری سوپای توركیا لە ناوچەی شارباژێڕ، 7 گەریلاو 2 وڵاتپارێزیان شەهید بووە.

یەرەكە(سەربە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك) لە ڕاگەیەندراوێكدا زانیاریی لەبارەی هێرشەكانی توركیا ئاشكرا كردو ئەوە دەخاتە ڕوو، لە هێرشەكاندا "دەستی سیخوڕی هەرێمی هەیە" مەبەستی لە سیخوڕی ناوخۆییە لە سنورەكە.

"لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی فاشیستی تورك دووجار لەسەر گوندەكانی سەربە شارۆچكەی ماوەتی ناوچەی شارباژێڕ هێرشی ئاسمانیی لە ڕێگای فڕۆكەی سیخوڕی بێفرۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی پێكهێناوە، هێرشی یەكەم لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە لە دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە هەرێمی ئاسۆس ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ئاگر بە باخ و باخچەی گوندیان كەوتووە و بەشێك لە زەوی گوندەكە لە ناو ئاگردا سووتاوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێك بەر هێزەكانمان نەكەوتووە" فەرماندەیی یەرەكە وادەڵێت.

دەشڵێت "لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، جارێكی دیكە فرۆكە جەنگیەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە سنوری شارباژێر نزیك چیای “باڵۆسە”ـیان بوردوومان كرد، لەو هێرشە داگیركارییەدا یەكینەیەكی هەڤاڵمان كە لە سەر ئەرك بوون، بوونە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی فاشیست و داگیركەری تورك، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا حەوت هەڤاڵمان لە گەڵ دوو گەنجی وڵاتپارێزی باشوری كوردستان شەهید بوون، كە دواتر ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە كاتێكی نیزیكدا ڕادەگەیێنین".

لە ڕاگەیەندراوەكەیدا یەرەكە باسلەوەش دەكات، لە هەرێمی شارۆچكەی ماوەت جودا لە گەریلاكانی یەرەكەو پژاك هێچ هێزێكی دیكە نییەو ئەو هێرشانەش بە ئامانجی ئاستەنگ كردنی خەبات و تێكۆشانی ئەوانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، "هەروەها لەم كۆمەڵكوژییەی چیای باڵۆسە دەستی سیخوڕی هەرێمی هەیە، هەم گەلەكەمان و هەم هێزی بەرپرسیار لە ئەم ناوچانە دەبێت هەڵوێستیان دیار بكەن و ڕێگا بە كەسی سیخوڕ و بەكرێگیراو نەدەن، كە لە قۆناغێكی وەها هەستیار و مێژووییدا خزمەتی داگیركەری بكەن".