چۆن تاکە کورسییەکەی کۆتای ژنان لە بازنەی هەڵەبجەدا یەکلادەکرێتەوە؟

30-09-2024 02:34

پەرەگراف

لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەڵەبجە لە کێبڕکێیەکی توونددان لەسەر ئەو سێ کورسییەی بۆ ئەو بازنەیە تەرخانکراوە کە یەکێکیان بە کۆتا کاندیدێکی ژن دەیباتەوە.

ئەو کورسییەی کۆتای ژنان لە سنوری ئەو لیستانەدا یەکلادەکرێتەوە، کە کورسی دەبەنەوە لە هەڵبژاردنەکەدا بە جۆرێک؛ ئەگەر لیستێک لە کورسییەک زیاتری بردەوە راستەوخۆ کورسییەکەی کۆتای ژنان لەو لیستەدا یەکلادەکرێتەوە. ئەگەر سێ لیست یەکی یەک کورسییان بردەوە، کورسییەکەی کۆتای ژنان لەو لیستەدا یەکلادەکرێتەوە کە کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە، واتە هەر ژنێک زۆرترین دەنگی بەدەست هێنابوو لەناو ئەو لیستەی بە کەمترین دەنگ کورسییەک دەباتەوە، ئەوا ئەو ژنە کورسی کۆتای بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە دەباتەوەو دەچێتە پەرلەمانی کوردستان.

لە هەڵەبجە ٥٤ کاندید لە کێبڕکێدان کە ٤٤یان کاندیدی حیزبەکانن و ٩یان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی و یەک کاندیدی سەربەخۆیش هەیە.

هەرلە بازنەی هەڵەبجە، ٦٠ هەزارو ٢٥٢ دەنگدەر هەیە کە ٥٩ هەزارو ٣٠٠یان دەنگدەری گشتی و ٩٥٢یان دەنگدەری تایبەتن.

لە سەرتاسەری هەرێم دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.

خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.

هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.