پەرەگراف دەستپێشخەرییەکی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات

30-09-2024 03:26

پەرەگراف

پەرەگراف دەستپێشخەرییەکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ئاشکرا دەکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە دوای هەڵبژاردن.

سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار بە پەرەگرافی وت "چەند ڕۆژێک بەرلەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەکی بۆ پارتی و یەکێتی کرد کە بە ئاگاداری مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە نهێنی وەرەقەیەک لە نێوانیاندا واژۆ بکەن و ڕێککەون لەسەرئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنبێت قبوڵی بکەن و دواتر پێکەوە هاوپەیمانبن بۆ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن".

بە وتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف "هەوڵەکە سەری نەگرتووە"، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی و ئەو لایەنە ئاشکرا بکات کە پێشنیارەکەی ڕەت کردووەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکەی پەرەگراف ئەوەدەخاتەڕوو، دەستپێشخەرییەکەی نێچیرڤان بارزانی، "لە پێناو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە بوو، بەو ئامانجەی دوای هەڵبژاردن لە ماوەیەکی کەمدا کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت، لەبەرئەوەی چاوەڕوانکراوە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاستەنگی زۆری بۆ دروست ببێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش کە مانگی ئۆکۆتۆبەری ساڵی داهاتووە کاریگەریی دەبێت لەسەرئەوەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سازش بۆ یەکتریی نەکەن لە پێکهێنانی حکومەتدا".

بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥-٩وە دەستی پێکردووەو تا ١٥-١٠ بەردەوام دەبێت، هەڵمەتی بانگەشەی یەکێتی دوێنێ بە وتارێکی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پێینایە قۆناغێکی تووند کە ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی پارتی و حکومەتی هەرێم کرد بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی.

بافڵ تاڵەبانی تەواوی وتارەکەی ڕووی لە پارتی و حکومڕانیی ئەو حیزبە بوو، وتی "بە پشتیوانی خودا و خەڵک ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و بۆگەنە دەڕوخێنین".

تاڵەبانی داوای لە خەڵکی کوردستان کرد لە پێناو گۆڕانکاریدا دەنگ بە یەکێتی بدەن، وتی "هەر ئێمە ئەتوانین بیگۆڕین و حزیبەکانی تر هیچیان پێ ناکرێت، هەر ئێمە ئەتوانین بڵێین پارتی دیموكراتی كوردستان خاكفرۆش لۆ مارێ".

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی لە وەڵامی وتارەکەی دوێنێی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند "جووڵە و هەڵسوکەوت و دەربڕینەکانی سەرۆکی یەکێتی لەسەر ستەیج، تەعبیر لە جەوهەری خۆی دەکات و پێویست بە هیچ وەڵامێک ناکات. لە ڕۆژی ۲٠ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲٤ لەسەر سندوقەکانی دەنگدان وەڵامی دەدەینەوە".

ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، هەڵبژاردنەکە دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.