بڕیاری لە سێدارەدان بۆ هاوسەری سێوان قادر دەركرا

11-08-2020 02:33
سێوان قادر‌و كچە بچوكەكەی.

پەرەگراف

بڕیاری لە سێدارەدان بۆ هاوسەری سێوان قادر دەركرا كە تۆمەتبار كرابوو بە سووتاندنی سێوان‌و منداڵەكانی.

بڕیارەكە لە 16 هەمین‌و كۆتا دانیشتنی دۆسیەكە، ئەمڕۆ لەلایەن دادگای سلێمانییەوە درا.

لە دوای بڕیارەكە، قادر نووری باوكی سێوان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد واژۆ لەسەر بڕیارەكە بكات تا جێبەجێ بكرێت‌و هاوسەری سێوان لە سێدارە بدرێت.

هاوكات گوڵچین ئەحمەد، دایكی سێوان وتی "من هەموو ڕۆژێك سووتاوم‌و كوژاومەتەوە، مەگەر ئەمڕۆ برینەكەی من كەمێك كەمببێتەوە".

لایخۆیەوە باوكی دیار(باوكی هاوسەری سێوان) بڕیارەكەی دادگای ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند، تانە لە بڕیارەكەی دادگا دەدەن‌و بەڵگەو شایەتیان هەیە كە "سێوان خۆی خۆی سووتاندووەو هاوسەرەكەی ئەوكارەی نەكردووە"، وتیشی "بەڵگەو تاوانی چەمچەماڵ‌و سلێمانی دەڵێن ئەم كوڕە نییە، ڕاپۆرتی دەروونی هەیە دەڵێت ئەم كوڕە نییەو ئەم ئافرەتە ئەقڵی نوقسان بووە، دراوسێكان شایەتیی دەدەن كە ئەم ئافرەتە خۆی خۆی سووتاندووە".

پێشتر سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دۆسیەی گیان لەدەستدانی سێوان قادرو منداڵەكانی ڕایگەیاند، هەموو بەڵگەكان گەواهیدەرن بۆ تاوانباركردنی تۆمەتبار كە هاوسەری سێوان بوو.

شەوی 16-12-2018، سێوان قادر‌و سێ منداڵی لە خانوەكەی خۆیاندا لە قەزای چەمچەماڵ سوتان، دوای گڕگرتنی خانوەكەیان، سێ منداڵەكەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، بەڵام خۆی بە برینداریی‌و ڕێژەی سوتاوی زیاتر لە سەدا 90ـوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی سلێمانی كراو دوای هەفتەیەك گیانی لەدەستدا.

بەڕێكردنی تەرمی سێوان بۆ گۆڕستان. وێنە؛ پەرەگراف.

چیرۆكی گیانلەدەستدانی سێوان‌و سێ منداڵەكەی، بووە جێی داخی خەڵك، ئەوەی زۆری لەسەر وترا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا گومانی لەسەر بوو، تەمومژاوی ڕوداوەكەبوو، زۆرێك پەنجەی تۆمەتیان بۆ هاوسەرەكەی درێژ كرد، دواتریش دەزگا ئەمنییەكان دەستگیكردنی هاوسەری سێوەو ئافرەتێكی دیكەیان ڕاگەیاند‌و لە مانگی 4ی 2019 ئەو ئافرەتە ئازاد كراو هاوسەری سێوان تائێستا لە زیندانە.

لە سەرەتاوە دادگای لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەی لە كەیسەكەدا كرد، بەڵام لەسەر داوای كەسوكاری سێوان قادرو بە پاساوی سستی بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەكان، كەیسەكە بۆ دادگای 1ی لێكۆڵینەوەی سلێمانی گوازرایەوەو دواتر پەڕاوەكە چووە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان‌و لەوێ دوای وردبینی بڕیاردرا دۆسیەكە لە چەمچەماڵەوە بۆ سلێمانی بگوازرێتەوە.

سێوان زیاتر لە شەش ساڵ بوو ژیانی هاوسەرێتی پێكهێنابوو، سێ منداڵەكەی تەمەن شەش مانگ تا شەش ساڵ بوون، سێوان لەبەر شیرازەی خێزانەكەی ئازارەكانی خۆی لەبیركرد تا لەگەڵ منداڵەكانی پێكەوە گیانیان لەدەستداو لە تەنیشت یەكترییەوە نێژران.

وێنەی سێوان و منداڵەكانی بە فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوەو خەڵك بەداخبوون بۆیان.

ئەو مەرگەی هەرێمێكی خەمباركرد
سێوە لەبەر شیرازەی خێزانەكەی ئازارەكانی خۆی لەبیركرد