دانا ئەحمەد مەجید بەڵێنی گەڕانەوەی گۆڕان دەدات بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن تاکاتی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی

30-09-2024 09:41

پەرەگراف

دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت لە یەکەم پەیامی دوای دەستبەکاربوونی ڕایگەیاند، گۆڕان دەگەڕێننەوە بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکومەتدا ناکەن، "تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنین؛ لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە شەڕی مەدەنیانەی خۆمان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانیان دەکەین".

ڕێکخەری گشتی گۆڕان بە وەکالەت ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پاکێجەکانی چاکسازیی بەشداری حکومەتیان کردووە، "بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو بەڵێنانەی بۆ چاکسازی لەسەری ڕێککەوتبوین جێبەجێی نەکرد".

 "ئێمە لەکاتێکدا بە چاوی ڕەخنەوە سەیری ئەو ساڵانەی بەشداریمان لە حکومەتدا دەکەین؛ بە ئەزمونێکی ناسەرکەوتوی لەقەڵەم دەدەین، هەربۆیە لەبەرامبەر ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی کە ئەنجامدراوە و بۆتە مایەی دڵساردی دەنگدەرانی گۆڕان، داوای لێبوردن دەکەین، بەڵێن دەدەین لاپەڕەیەکی نوێ لە کاری سیاسیی بۆ خزمەتی خەڵکە خۆشەویستەکەمان هەڵدەدەینەوە و بەخۆداچونەوەیەکی قوڵ و گشتگیر لەناوخۆی خۆمانەوە دەست پێدەکەین" دانا ئەحمەد مەجید وای وت.

داوایشی لە خەڵکی کوردستان و دەنگدەران کرد، بەتایبەت ئەو سەرکردانەی لە ماوەی ڕابردودا بە هەر هۆکارێک لە گۆڕان دورکەوتونەتەوە، "لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان هەلێکی دیکەمان پێبدەن و بزوتنەوەکەتان بخەنەوە سەر نەخشەی هێز و کاریگەری لە پرۆسەی سیاسیی هەرێم و عێراقدا".

دانا ئەحمەد مەجید جەختیش لە پرەنسیپێکی نەگۆڕی گۆڕان دەکاتەوەو دەڵێت "تەوریسی سیاسیی و میراتگری حزبی ڕەتدەكەینەوە، پێداگریشین لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات چ لە ناو حزب و، چ لەناو سیستەمی حوكمڕانی هەرێم".

لە دواین هەڵبژاردن کە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجامدرا گۆڕان بە شکستێکی گەورە لێی هاتەدەرەوەو لە سەدا سەدی هەر 5 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراقی لە دەستداو هەر حەوت كاندیدەكەی كە لە هەولێرو سلێمانی‌و كەركوك هەیبوو هیچیان دەرنەچوون.

گۆڕان حیزبی دەنگدەرەو هەڵبژاردنی ئەمساڵ سەنگی مەحەکە بۆی، بە هەستانەوە، یاخود لاوازبوونی تەواوەتی تا ڕادەی نەمان، ئەوە لەکاتێکدا دێت تا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، دەنگدەران لە هەڵبژادنەكانی عێراق‌و كوردستاندا(لە 2009 بۆ 2013) هەموو جارێك نزیكەی نیو ملیۆن كارتی دەنگدانیان بە دڵی ئەو دەخستە سندوقی دەنگدانەوە، بە ئومێدی گۆڕانكاری ڕیشەیی لەو حوكمڕانییەی پارتی‌و یەكێتی دەیانكرد، ئەوەش بزووتنەوەکەی کرد بە بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و لە یەکەم هەڵبژاردن لە ٢٠٠٩ پارتی و یەکێتی تووشی شۆک کردو ٢٥ کورسی لە پەرلەمان بە دەست هێنا.

بەڵام تەنها چوار ساڵ وەک ئۆپۆزسیۆن بڕی کرد و دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لە حكومەتدا كرد.

لەوکاتەوە سەرەتای لاوازبوونی گۆڕان دەستی پێکرد و لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2018 نیوەی دەنگەكانی لەدەستداو تا ئەمڕۆ بەرەو لێژیی دەڕوات و زۆرینەی ئەوانەی دەنگدەری گۆڕان بوون ئێستا لەبەرەی بایکۆتی هەڵبژاردنن کە بە هێزترین بەرەیە لە کوردستان.