هێشتا بەغداد تەواوکاریی مووچەی مانگی ٨ی نەناردووەو تێبینی لەسەر لیستی مووچەی مانگی ٩ هەیە

01-10-2024 12:20

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت، چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ ناردنی بڕی ٢٤٣ ملیار دینار مووچەی ئەو مانگە کە هێشتا نەنێردراوە.

ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە ڕۆژنامەنووسانی وت "نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدایە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەو بڕیاربوو دوێنێ پارەکە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام هیشتا نەنێردراوەو لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".

یاریدەدەرەکەی مەسرور بارزانی وتیشی "لەسەر لیستی مووچەی مانگی ٩ بەغداد تێبینی هەیە لەبارەی هەندێک پلەبەرزکردنەوە، داوا دەکات لیستی مووچەی مانگی دوو بکەن بە بنەمای دابەشکردنی مووچە، بەڵام ئەوە ناکرێت و مانگانە گۆڕانکاریی هەیە، ئەوە بیانووە تەنها بۆ دواخستنی مووچە".

حکومەتی هەرێم هێشتا بڕیاری نەداوە بەو پارەیەی لەبەردەستیدایە دەستبکات بە دابەشکردنی مووچە، ڕێباز حەملان وتی "ئەمڕۆ تا سبەینێ حکومەتی هەرێم دەبێت بڕیارێک بدات".

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ملیۆنێک و 250 هەزارن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە لە بەرامبەر چەند مەرج و پابەندییەک لەسەر هەرێم، بەڵام بەهۆی کێشە لە لیستی مووچەو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، مووچەی هەرێم تووشی گرفت دەبێت و هێشتا مووچەی مانگی ٨ دابەش نەکراوە.