لە بۆردومانەکەی تورکیا بۆسەر سوپای عێراق دوو شەھیدی پلەباڵا ھەن

11-08-2020 05:03
عەمید محەمەد و عەمید زوبێر

پەرەگراف 

فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانی سنوری عێراقیان کرد لە سیدەکان، بۆردومانەکە ژمارەیەک شەھیدو برینداری لێکەوتەوە یەکێک لە شەھیدەکان فه‌رمانده‌ی لیواو یەکێکی دیکەیا فەرماندەی فه‌وجی سێی پاسه‌وانی سنوورە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە پەرەگرافی وت "کاتژمێر ٣:٤٥ لە مێرگەمیر لە ناحیەی سیدەکان، ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانیسنووری عێراق کراوەتە ئامانج و ژمارەیەک شەھیدو بریندار ھەن بە پلەی عەمیدو عەقید، لەبەرئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسمانیناوچەکەدا دەسوڕێنەوەو بۆ سەلامەتیی گیانی خەڵک نەتوانراوە تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە".

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئەوەشی خستەڕوو، بۆردومانەکەی تورکیا یەک ئۆتۆمبێلی کردووەتە ئامانج لەناو قافڵەیەکی ئۆتۆمبێلیسەربازیی پاسەوانی سنووری عێراق.

لە وەڵامی ئەوەی بۆردومانەکە لەکاتی کۆبوونەوەی سوپای عێراق و پەکەکەدا بووە؟ ئیحسان چەلەبی وتی "لە کاتی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلەکاندابووە نەک لە کۆبوونەوەدا. نازانین بۆ کۆبوونەوە چوون یان نا، چونکە پاسەوانی سنور دوو ڕۆژە سەرقاڵی دانانی بنکەی سەربازین لەناوچەکە".

لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا دوو ئەفسەری پلەباڵای کورد لە پاسەوانی سنوری عێراق شەھید بوون، ئەوانیش؛ عەمید محەمەد رەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنور و عه‌مید زوبێر حالی، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی 3ی پاسه‌وانی سنور.

سەرەتای ڕووداوەکە سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ھێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق بە مەبەستی گفتوگۆ بۆ ڕاوەستاندنی شەڕوگرژیی لە ناوچەکە سەردانی گەریلاکانی پەکەکەیان کردووەو لەکاتی کۆبوونەوەدا بۆردومانەکە کراوە.

"لەکاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پەکەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی کردوون و ژمارەیەک کەس شەھید بوون یەکێک لەوانە عەمیدزوبێر حالیی فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێی پاسه‌وانی سنوورە" سەرچاوەکە وای وت.

سەرچاوەکە وتیشی "لەناو شەھیدەکاندا بەرپرسی پەکەکەش ھەیە".

توركیا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2020ـەوە، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دەستپێكردووە بە پاساوی بە ئامانجگرتنی پەكەكە لەناو خاكیهەرێم، سەرەتا بە بۆردومان و دواتر بە هێرشی زەمینی، بە ئێستاشەوە شەڕ لە چەند ناوچەیەكی بادینان لە نێوان جەندرمەی تورك وگەریلاكانی پەكەكەدا بەردەوامە.

ئەمە یەکەمجارە فەرماندەیەکی باڵای عێراق لەلایەن تورکیاوە شەھید بکرێت لە چوارچێوەی ھێرشەکانی بۆسەر پەکەکە، لە زۆربەی هێرش وبۆردومانەكانی توركیادا خەڵكی مەدەنیی دەبنە قوربانی و دوایینجار 26ی مانگی ڕابردوو دوو هاوڵاتی لە بامەڕنێ شەهید بوون، پێشتریشلە 19ی حوزەیران لە شیلادزێ چوار هاوڵاتی شەهید بون، لە ناوچەكانی تری بادینان، سلێمانی، مەخمور، زینی وەرتێ و قەندیل دەیانهاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی توركیاوە شەهید و برینداربون.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ "سەركۆنەی شەهیدكردن و زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان"، ڕووی دەمی كردۆتەوە توركیا و پەكەكە، بەیەك ئاست داوایان لێدەكات پشێوی نەهێننە خاكی هەرێمەوە.