تەقینەوەیەک لە کەرکووک ڕووى دا و چوار کەس بریندار بوون

05-10-2024 11:14

پەرەگراف

بەیانیى ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە گەڕەکى موسەڵڵاى کەرکووک ڕووى دا و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون کە برینى یەکێکیان سەختە.

تەقینەوەکە لەبەردەم نووسینگەیەکى ئاڵوگۆڕى دراو لە بازاڕى گەڕەکەکە ڕووى داوە. شایەتحاڵێک دەڵێت "تەقینەوەکە بۆمبى چێندراو بووە و لەکاتى کردنەوەى دوکانەکەدا تەقیوەتەوە".

ئەو شایەتحاڵە وتیشى "ئێمە ڕاستەوخۆ دواى تەقینەوکە گەیشتینە شوێنەکە، بینیمان خاوەنى دوکانەکە قاچێکى لەدەست دابوو و برینەکەى سەخت بوو، چەند کەسێکى دیکەش بریندار بوون و ڕەوانەى نەخۆشخانە کران".

هێشتا هێزە ئەمنییەکان ڕوونکردنەوەیان لەبارەى ڕووداوەکەوە نەداوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.