پەرەگراف
جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان کە ئاڕاستەی نماو چیای نەوشیروان مستەفان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداری کردن یان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتی ئەمری واقیع هەڵناگرێ، ئاشکرایە کاندیدەکانی لیستی (114)ی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ و هاوسەنگەر و هەڵسوڕاوی دیاری ئێمەن، بۆیە پشتیوان و هاوکاریان ئەبین بۆ سەرکەوتنیان.
ئەو ئاڕاستەیە دەشڵێن، مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان گردی زەرگەتەیەو دەرگای بۆ هەموو گۆڕانخوازان کراوەیە، جارێکی دیکەش داوای هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەکەن بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەکە "لە یەک کاتدا و بە یەک پاکێج".
ڕۆژی ٢٧-٩-٢٠٢٤ چیا نەوشیروان مستەفا دەرگای سەرەکی گردی زەرگەتەی بە کۆنکرێت داخست، ڕێگەی نەدا مەراسیمی دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید لە شوێنی عومەر سەید عەلی ئەنجام بدرێت کە ڕۆژی دواتر ئەنجامدراو بڕیاربوو لە گردەکە بکرێت، بەڵام دوای داخستنی گوازرایەوە بۆ هۆڵێک لەناو پارکی ئازادی و لە مەراسیمەکەدا دەسەڵاتی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕادەستی دانا ئەحمەد مەجید کرا بە شێوەیەکی کاتی و بە وەکالەت، دوێنێش دانا ئەحمەد مەجید بارەگای نوێی مەکۆی سەرەکی گۆڕانی لە گەڕەکی کوردسات لە سلێمانی کردەوەو ڕەتی دەکاتەوە بچێتەوە گردی زەرگەتە.
ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ دانا ئەحمەد مەجید بەپێی نوسراوێکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقە بەهۆی دۆخی تەندروستی عومەری سەید عەلی و دوای ئەوە ناوبراو وەکالەتنامەی بۆ کردەوە، دانا ئەحمەد مەجید بۆ ماوەى شەش مانگ کارەکانى عومەر سەید عەلى بەڕێوەدەبات و لەو ماوەیەدا بەپێی رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن، دەبێت دەستوری ناوخۆیی گۆڕان و کارەکانى بزوتنەوەکە رێکبخرێنەوە.
کوڕانی نەوشیروان مستەفاو ئەو بەرپرسانەی گۆڕان کە سەربە ئاڕاستەی ئەوانن، بە دانانی دانا ئەحمەد مەجید ڕازی نین و داوا دەکەن لە جڤاتی نیشتمانییەوە ڕێکخەری نوێ هەڵبژێردرێت، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە باژێڕوانەكان و ڕێكخەری ژوورەكان پێك دێت، بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی، لە ماوەی ڕابردوودا باژێڕوانەكانی هەڵبژارد، كە زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی كوڕانی نەشیروان مستەفان، بەڵام ڕێكخەری نوێی ژوورەكانی گۆڕان هێشتا هەڵنەبژێردراون، كە ڕێكخەرەكانی ئێستا زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی عومەری سەیدعەلین.
ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی گۆڕان
ئەمڕۆ شەممە، 5ی 10ی 2024، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی نائاسایی لە گردی زەرگەتە، مەکۆی سەرەکی، ئەنجامدا. ئەم بڕیارانە دران:
1. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بنەمای کاری یاسایی و ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕانە، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دایناوە، پێشێلکردنی دەستور رەتکراوەیە، هەمو ڕێکارێکی یاسایی و سیاسی دەگرینەبەر بۆ جێبەجێکردنی دەستور.
- ژوری هەڵبژاردن بەرپرسیارە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کە دەستوری ناوخۆی دیاری کردووە، لە یەک کاتدا و بە یەک پاکێج ئەنجام ئەدرێت، هەر هەڵبژاردنێک لە ژێر هەر ناوێکدا ئەنجام بدرێت سەرلەبەری نادەستوری و ناقانونی و نادیموکراتییە.
- کارکردنی جڤاتی نیشتیمانی لەسەر بنەمای دەستور و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە، مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان گردی زەرگەتەیە، دەرگای دڵ و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەموو گۆڕانخوازان کراوەیە بۆ کاری پێکەوەیی پاڵپشت بە دەستوری ناوخۆ.
- سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداری کردن یان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتی ئەمری واقیع هەڵناگرێ، ئاشکرایە کاندیدەکانی لیستی (114)ی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ و هاوسەنگەر و هەڵسوڕاوی دیاری ئێمەن، بۆیە پشتیوان و هاوکاریان ئەبین بۆ سەرکەوتنیان.
جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو