مەسروو بارزانى: تەنیا پارتی باسى ئاوەدانى و پێکەوەژیان دەکات، لایەنەکانى دیکە هەموو دروشمەکانیان بۆ تێکدانە

05-10-2024 05:36

پەرەگراف

مەسروو بارزانى دەڵێت "پارتى تەنیا لایەنە کە هیوا و ئومێد دەداتە ئەم میللەتە، هەر پارتییە باسى ئارامى و ئاوەدانى و پێکەوەژیان و خۆڕاگرى دەکات، لایەنەکانى دیکە هەموو دروشمەکانیان بۆ تێکدانە و دەڵێن: تێکى دەدەین، وێرانى دەکەین و ئێوە ڕادەگرین".

مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگرى دووەمى سەرۆکى پارتى، لە کاتى بانگەشەدا لە دهۆک وتیشى "ئەگەر دەڵێن پارتى خراپە و دەبێت بیڕووخێنین، من یەک پرسیاریان لێ دەکەم: چیى ئێوە لە پارتى باشترە؟ یەک دەستکەوتى خۆتانمان نیشان بدەن بەبێ پارتى".

مەسروور بارزانى جەختى لەسەر گرنگیى ئەم هەڵبژاردنە کردەوە و داواى کرد "هەموو ئەو کەسانەى مافى دەنگدانیان هەیە، دەنگ بدەن"، وتیشى "هەر کەسێک دەنگ نەدات، دڵنیا بێت خەڵکى دیکە لەبرى ئەو دەنگ دەدات".

جێگرى سەرۆکى پارتى لەبەردەم جەماوەى حیزبەکەیدا ڕایگەیاند "پارتى ڕکابەرى نییە، چونکە کەس ئامادە نەبوو ڕووبەڕووى ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و ئەو بارە هەڵبگرێت کە پارتى هەڵى گرتووە".

"زۆر لایەن بەلێن دەدەن و زۆر دروشم بەرز دەکەنەوە، بەڵام لە کاتى تەنگانەدا لە هیچ شوێنێکەوە دیار نەبوون. کە داعش هات، کە پەلامارى کوردستان درا، ئێمە لە سحێلا و پردێ کەسمان لەگەڵ خۆمان نەبینى، ئێمە بەتەنیا ئەم قەوارەیەمان پاراست"، مەسروور بارزانى واى وت.

سەبارەت بە بانگەشى حیزبەکانى دیکە و ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر پارت، مەسروور بارزانى بەێ ناوهێنان وتى "بانگەشەى ئەوان باشترین خزمەتە بە پارتى. شێوازى قسەکردن و ڕەفتارەکانیان چەند زیاتر بۆ خەڵک دەربکەوێت، ئێمە زیاتر پێمان خۆشە، تا خەڵک هەموان بناسێت و بزانێت کێ بایى چەندە".

جێگرى سەرۆکى پارتى جارێکى دیکە باسى لە "بەرنامە و پیلانى زۆر بۆ لاوازکردنى هەرێمى کوردستان" کرد و وتى "بەڵام بە پشتیوانى و خۆڕاگریى خەڵکى کوردستان، ئەو قەیرانەمان تێپەڕاند".