پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی کە تائێستا خۆی بەدوور گرتووە لە بانگەشەکردن بۆ حیزبەکەی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشداری لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات.
ڕێبوار کەریم وەلی، نووسەرو کاسایەتی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی، لە وتارێکدا دەڵێت "لە چەند رۆژی داهاتوودا، نێچیرڤان بارزانی سەرباری ئەوەی خۆی لە حەملەی هەڵبژاردن بەدوور گرتووە، بەڵام بەشداری لە حەملەکەی پارتیدا دەکات و پێدەچێ مەبەستی بێ کە هەم گرژییەکان خاو بکاتەوە و هەمیش فریای وەزع و باری لەنگی پارتی بکەوێت".
ئەوە لەکاتێکدایە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرەو تووندبوونەوەی زیاتر دەچێت لە نێوان یەکێتی و پارتی بەتایبەت بەهۆی پەیام و ڕەخنە تووندەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کە ڕووی قسەی لە مەسرور بارزانییە.
ڕێبوار کەریم وەلی نووسیویەتی "ئەگەرچی تا ئێستاش مەعلوم نییە کە هەڵبژاردن دەکرێ و ئەگەر بکرێ ئەنجامەکان چۆن دەبن، بەڵام یەک شتی مسۆگەر هەیە کە ئەویش ئەو راستییەیە کە جارێکی دیکە پارتی بە کۆتا و هاو ئاوازەکانیشیەوە بە خەونیش 50+1 نابینێتەوە".
دەربارەی چارەنووسی مەسرور بارزانی، ڕێبوار کەریم وەلی پێیوایە "ئەگەریش سەرباری ئەوە پارتی هەر پێداگر بێ لە مانەوەی مەسروور بارزانی وەک سەرۆکوەزیران، ئەستەمە ریزبەندیی ناوخۆیی(ئەگەر دەستکارییەکی وەزعی سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی نەکرێت)، بۆ پێکهێنانی حکومەت بێتە ئاراوە. لە رووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشەوە بە رەغمی مانەوەی مەسروور بارزانی ئەستەمە. هاوکات ئەوەش بەدوور دەبیندرێ کە پێکهێنانی کابینەی دە لە هەولێر ببینین".
هەفتەی ڕابردوو پەرەگراف دەستپێشخەرییەکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی ئاشکرا کرد بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە دوای هەڵبژاردن.
سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار بە پەرەگرافی وت "چەند ڕۆژێک بەرلەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەرییەکی بۆ پارتی و یەکێتی کرد کە بە ئاگاداری مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە نهێنی وەرەقەیەک لە نێوانیاندا واژۆ بکەن و ڕێککەون لەسەرئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنبێت قبوڵی بکەن و دواتر پێکەوە هاوپەیمانبن بۆ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن".
بە وتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف "هەوڵەکە سەری نەگرتووە"، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی و ئەو لایەنە ئاشکرا بکات کە پێشنیارەکەی ڕەت کردووەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکەی پەرەگراف ئەوەدەخاتەڕوو، دەستپێشخەرییەکەی نێچیرڤان بارزانی، "لە پێناو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە بوو، بەو ئامانجەی دوای هەڵبژاردن لە ماوەیەکی کەمدا کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت، لەبەرئەوەی چاوەڕوانکراوە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاستەنگی زۆری بۆ دروست ببێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش کە مانگی ئۆکۆتۆبەری ساڵی داهاتووە کاریگەریی دەبێت لەسەرئەوەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سازش بۆ یەکتریی نەکەن لە پێکهێنانی حکومەتدا".
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥-٩وە دەستی پێکردووەو تا ١٥-١٠ بەردەوام دەبێت، ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.
پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر سێ پارێزگادا دابەش كراون، سێ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێكهاتەی توركمان.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.
هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای سێ جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.