لە سلێمانی لەلایەك مووچەخۆرانی هەژماری من مووچەكانیان وەردەگرن و لەلایەك بانگەشەی ڕاگرتنی پرۆژەكە دەكرێت

پەرەگراف
لە سلێمانی دابەشكردن مووچەی ئەو فەرنبەرانە دەستی پێ كرد كە كارتی (هەژماری من)ـیان هەیە، لە لایەكی دیكەوە هەواڵی ڕاگرتنی پرۆژەی هەژمار من بە "بڕیار"ـی بافڵ تاڵەبانی بڵاو دەكرێتەوە. سەرچاوەیەك لە حکومەت دەڵێت "هیچ بڕیارێكی فەرمیی حكومەت بۆ ڕاگرتنی پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی نییە و پرۆژەكە بەردەوامە".
هەندێك میدیا هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، پڕكردنەوەی فۆڕمی هەژماری من بە مووچەخۆران ڕاگیراوە، ئەمەش دوای قسەكانی دوێنێی سەرۆكی یەكێتی هات لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە كۆیە كە وتی "نە هەژمارەی منە، نە هەژماری ئێوەیە، هەژماری مەسروورە و هیچ سوودی نییە بۆ ئێمە و مەیكەن، بڕۆن تەوتین بكەن".
ئەمە لەكاتێكدایە هیچ بڕیارێكی فەرمی لەبارەی ڕاگرتنی پرۆژەكەوە نییە و ڕۆژی هەینی 4-10-2024ـیش، لە كاتی دابەشكردنی مووچەی خانەنشیناندا، فۆڕمی هەژماری من لە بانكەكانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەش كراوە و هەندێك مووچەحۆریش پڕیان كردووەتەوە، ئەوەش ڕەخنەی زۆری هێنایە سەر یەكێتی.
هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی دابەشكردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەستی پێ كرد كە كارتی پرۆژەی (هەژماری من)ـیان هەیە و ئەو مووچەخۆرانە لە ئامێرەكانی پارە ڕاكێشان (ATM)ـەكانی سلێمانی مووچەكانیان ڕاكێشا.
پەرەگراف هەوڵی دا لەبارەی هەواڵی ڕاگرتنی پڕكردنەوەی فۆڕمی هەژماری من لە سلێمانی و دەوروبەری، لێدوان لە وتەبێژی حكومەتی هەرێم و وتەبێژی وەزارەتی دارایی وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە پەرەگرافی وت "هیچ بڕیارێكی فەرمیی حكومەت بۆ ڕاگرتنی پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی نییە و پرۆژەكە بەردەوامە، ئەگەر بڕیارێكی حیزبیش هەبێت، شتێكی كاتییە و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ئەگەر یەكێتی پێشتر دژی پرۆژەی هەژماری من بووە، بۆچی ڕێگەی داوە پرۆژەكە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین جێبەجێ بكرێت؟ بۆچی ڕێگەی داوە ئەی تی ئێم بۆ وەرگرتنی مووچە لە چوارچێوەی هەژماری من، لە سلێمانی جێگیر بكرێت؟".
"ئەگەر یەكێتی هەر بە جیددی دژی هەژماری منە و داوای تەوتین لە بانكە فیدراڵییەكان دەكات، بۆچی لە ماوەی ڕابردوودا پشتگیریی تەوتینی بە ڕاستی نەكردووە و لیستی ناوی مووچەخۆرانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی بەغدا و بانكە فیدراڵییەكان نەكردووە؟"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.
ڕۆژی 27-5-2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كردنەوەی (ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور)، ڕایگەیاند "هەژماری من بەرنامەی حكومەتە بۆ پێدانی مووچە بە ڕێگای ئەلیكترۆنی و بەشداریی مووچەخۆران لە پرۆژەكە ئارەزوومەندایە"، مووچەخۆران "ئازادن" لەوەی بەشداریی تێدا دەكەن یان نا. وتیشی "فەرمانبەران دەتوانن بانكی تی بی ئای هەڵبژێرن".
پرۆژەی هەژماری من بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی مووچە كە بیرۆكەكەی هی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، چەند ساڵێكە كاری لەسەر دەكرێت و لە سەرتاسەری هەرێم نزیكەی نیوەی مووچەخۆران بەشدارییان تێدا كردووە، بەڵام زۆرێك لە مووچەخۆرانی سنووری ئیدارەی یەكێتی پرۆژەكە ڕەت دەكەنەوە و داوای جێگیركردنی مووچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق دەكەن.
بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەكێك لە "بانكە فیدراڵییە حكومییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم" جێگیر بكرێت، كە هەریەك لە بانكەكانی "ڕەشید، ڕافیدەین و بانكی بازرگانیی عێراق (TBI)" بۆ ئەو مەبەستە دیاری كراون.
هەرچەندە دادگای فیدراڵی سێ مانگی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دیاری كردبوو، بەڵام جێبەجێ نەكرا. حكومەتی هەرێم ڕەتی كردەوە و داوای كرد بەغدا دان بە (پرۆژەی هەژماری من)ـدا بنێت بۆ بەبانكیكردنی مووچە.
سەرەتا وەزارەتی دارایی عێراق كاركردن بە پرۆژەی (هەژماری من)ـی ڕەت كردەوە، بەڵام دوای هەوڵەكانی مەسروور بارزانی و شاندەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەرچی بەغدا بە فەرمی دانی بە هەژماری مندا نەناوە، بەڵام بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییشی جێبەجێ نەكردووە و پرۆژەی هەژماری منیش بەردەوامە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی دارایی هەرێم، تا ئێستا "600 هەزار مووچەخۆر بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری مندا كردووە و 250 ئامێری ڕاكێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێم جێگیر كراون".
سەبارەت بە كرێی ڕاكێشانی پارە، وەزارەتی دارایی دەڵێت "ڕاكێشانی پارە لە ئەی تی ئێمی بانكی خۆت بەخۆڕاییە و لە بانكی لە نێوان هەزار دینار بۆ چوار هەزار دیناردایە".
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، تا ئێستا "هەشت بانك" بەشداییان لە پرۆژەكەدا كردووە، كە بەشێكیان بانكی عێراقین و لەناویاندا بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) هەیە، كە یەكێكە لەو بانكانەی لەلایەن دادگای فیدراڵی و حكومەتی عێراقییەوە ڕێگەی پێ دراوە بە تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەك لە ڕێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە.
دوای چەند كۆبوونەوەیەكی نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی (هەژماری من) لەگەڵ بانی تی بی ئای، ڕۆژی 8-5-2024 وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات".
هەمان ڕۆژ و بەر لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی، بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا بەشداریی خۆی لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، بەڵام بە هیچ جۆرێك باسی پرۆژەی (هەژماری من)ـی نەكردووە.
بانكی تی بی ئای وتی "وەكوو پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەربارەی بەشداریكردنی بانكەكەمان لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەفدێكی تایبەتمەندی بانكی بازرگانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی لقی هەولێری بانكەكە، لەگەڵ وەفدێكی تایبەتمەند لە حكومەتی هەرێم لە هەولێر كۆبووەوە".
بانكی تی بی ئای ڕایگەیاند كە چاوەڕێیە حكومەتی هەرێم "لیستی ناو و بەڵگەنامەی ئەو فەرمانبەرانە" بنێرێت كە مووچەكەیان لە بانكی تی بی ئای بەبانكی دەكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەكە بكرێت.
حكومەتی هەرێم هیچ لیستێكی ناو و زانیاریی مووچەخۆرانی بۆ بەبانكیكردنی مووچە ڕاستەوخۆ ڕادەستی بانكی تی بی ئای نەكردووە، بەڵكو تەنیا زانیاریی ئەو مووچەخۆرانی ڕادەست كردووە كە لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری مندا بانكی (تی بی ئای)ـیان هەڵبژاردووە.
دواتر وەزارەتی دارایی هەرێم هەر لە مانگی ئایاری 2024، سێ جار ناردنی لیستی مووچەخۆرانی بۆ بانكی تی بی ئای بۆ دروستكردنی كارتی بانی لە چوارچێوەی هەژماری مندا ڕاگەیاند، كە بە خۆی گشتی لیستی ناو و زانیاریی "3378" مووچەخۆر بوو، دواتریش گەڕاندنەوەی یەكەم كۆمەڵەی كارتی مووچەخۆرانی لەلایەن بانكەكەوە ڕاگەیاند كە كارتی بانكیی "368" فەرمانبەر بوو.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی پڕ لە سەرنج و گلەیی كە ڕۆژی 22-7-2024 ئاراستەی بانكی بازرگانیی عێراق (TBI)ـی كردووە، دان بەوەدا دەنێت كە بانكەكە گرێبەستی هاوبەشیی لەگەڵ پڕۆژەی هەژماری من واژوو نەكردووە، لە كاتێكدا پێشتر وەزارەتی دارایی بانگەشەی ئەوەی كرد كە بانكی (TBI) هاتووەتە ناو هەژماری منەوە.
پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئاڵۆزی و ناڕوونی ماوەتەوە، مووچەخۆران بەشێكیان بەشدارییان لە هەژماری مندا كردووە و بەشەكەی دیكەی چاوەڕێی تەوتینكردن لە بانكە فیدراڵییەكانن، بەڵام هیچ ڕێكارێك بۆ ئەوە نەگیراوەتە بەر.