پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی لە ١٣ـیە ڕۆژی بانگەشەدا، لە هەولێر دەستی بە بانگەشە بۆ پارتی كرد و دەڵێت "لایەنەكانی تر ململانێ دەكەن بۆ ئەوەی تۆزێك بگەنە ئاستی پارتی، بەڵام ئێمە قۆناغی ململانێمان بەجێ هێشتووە و ئامانجمان زۆر گەورەترە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی، وتارى کەرنەڤاڵى بانگەشەى پارتیى لە هەولێر پێشکەش کرد و لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە "پارتی گرەنتیی ئاوەدانی و سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستانە"، وتیشی "متمانە بە پارتی بكەن و گوێ لە هاوار و بانگەشەی ڕووخێنەری خەڵكی تر مەگرن، ئەوانە هیچیان پێ نییە".
"ئاشكرایە كە ئێمە بێ كەموكورتی نیین و هەموو ئامانجی گەلی كوردستان بە شەو و ڕۆژێك نایەتە دی، بە بەرپرسیارێتیی خۆمانی دەزانین كە كەموكووڕییەكانی كاركردنمان دەستنیشان بكەین و بەخۆماندا بچینەوە"، جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی وای وت.
سەبارەت بە ململانێكانی نێوان لایەنەكان لە بانگەشەدا، نێچیرڤان بارزانی وتی "پارتی نابێت ڕێگە بدات نە خۆی و نە ڕكابەرانی لە پێشبڕكێی سیاسیدا ببنە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان. هەر لایەنێك بانگەشەی تێكدان و ڕووخاندنی كوردستان دەكات، نابەرپرسیارانە هاواری بێهودە دەكات".